رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان (یونیسێف) رایگەیاند، ئەم ساڵ بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی داهات و بڕینی هاوکارییەکان 14 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا بەرەڕووی بەدخۆراکی و مەترسیی مردن دەبنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، کاترین روسێل، بەڕێوبەری جێبەجێکاری یونیسێف رایگەیاند، "لە دەیەی رابردوودا، بەرەوپێشچوونی باشمان لە کەمکردنەوەی بەدخۆراکیی منداڵان لە جیهاندا هەبووە، ئەمەش بەهۆی پابەندبوونی هاوبەش و بەردەوامیی هاوکارییەکانەوە بووە".
دەشڵێت، لە ساڵی 2000ـەوە ژمارەی ئەو منداڵانەی تووشی بەدخۆراکی بوون "55 ملیۆن کەمبووەتەوە" و ژیانی ملیۆنانیش رزگارکراوە، بەڵام کەمبوونەوەی هاوکارییەکان ژیانی ملیۆنان منداڵ دەخاتە مەترسییەوە.
بە گوێرەی ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کەمبوونەوەی هاوکارییەکان لەکاتێکدایە بەهۆی ئاوارەیی، جەنگ، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان و گۆڕانی کەشوهەواوە، بە ملیۆنان منداڵ رووبەڕووی ئاستەنگی و نەبوونی سەرچاوەی خۆراکی پێویست بوونەتەوە.
لە راپۆرتەکەی یونسێفدا ئەوەش هاتووە، کەمبوونەوەی هاوکارییەکان، کارەکانی 2300 سەنتەری هاوکاریی منداڵان رووبەڕووی مەترسیی داخستن دەکاتەوە. نەبوونی هاوکارییەکان دۆخی ژنانی دووگیان و ئەوانەی منداڵی شیرەخۆرەیان هەیە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەکاتەوە.
لە ساڵی 2000دا، 5.5 ملیۆن ژنی دووگیان و خاوەن منداڵی شیرەخۆر تووشی بەدخۆراکی بووبوون، بەڵام ئێستا ژمارەکە 6.9 ملیۆن ژنە.
روسێل لە راگەیێندراوەکەیدا داوا لە حکومەتی وڵاتان و بەخشەران دەکەن کە هاوکاریی زیاتریان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن پاڵپشتیی تەندروستی و خۆراکی پێویست بۆ منداڵان دابین بکەن.
بەگوێرەی یونسێف، ساڵی 2016 وڵاتان و رێکخراوەکان 6.4 ملیار دۆلاریان بە رێکخراوەکەیان دا و ساڵی 2022 بووە 9.3 ملیار دۆلار، بەڵام ساڵی 2023 پارەکە بۆ 8.9 ملیار دۆلار کەمبووەوە. بە گوتەی ئاژانسەکە، پار پێویستیان بە نزیکەی 10 ملیار دۆلار بووە و بەردەوام داوای هاوکاری زیاتریان کردووە.
ئەو وڵات و رێکخراوانەی زۆرترین هاوکارییان پێشکێشی یونسێف کرد لە ساڵی 2023دا:
ئەمریکا: 1,430 ملیۆن دۆلار
ئەڵمانیا: 760 ملیۆن دۆلار
گرووپی بانکی جیهانی: 590 ملیۆن دۆلار
لیژنەی ئەمریکی بۆ یونسێف: 372 ملیۆن دۆلار
لیژنەی ژاپۆنی بۆ یونسێف: 172 ملیۆن دۆلار
لیژنەی ئەڵمانی بۆ یونسێف: 164 ملیۆن دۆلار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ