رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، سەپاندنی 25٪ پێناسی گومرگی بەسەر هاوردەی ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگ لەلایەن ئەمریکاوە مایەی نیگەرانیی قووڵە و زیانی ئابووری دەبێت. سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپاش دەڵێت، ئەم کارەی ئەمریکا نیگەرانی کردوون.
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، لە رۆژی 2ـی نیسانەوە بڕیاری سەپاندنی 25٪ پێناسی گومرگی بەسەر هاوردەی ئۆتۆمبیل و پارچەی یەدەگ جێبەجێ دەکرێت.
یۆشیماسا هایاشی، گوتەبێژی حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، "پێمانوایە رێکارەکان و سنووردانانەکانی حکومەتی ئەمریکا کاریگەریی گەورەی لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکان ژاپۆن و ئەمریکا دەبێت". دەشڵێت، "ئەو رێکارانە کاریگەرییان لەسەر ئابووریی جیهانیش دەبێت".
هایاشی راشیگەیاند، "نیگەرانی سەپاندنی پێناسی بازرگانین لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بۆ سەر ئۆتۆمبیل و پارچەکانی کە ئەوانەی ژاپۆنیش دەگرێتەوە".
لەبارەی سەپاندنی گومرگی بازرگانی لەلایەن ترەمپەوە، ئورسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "نیگەرانی بڕیاری ئەمریکام بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر هەناردەی ئۆتۆمبێلی ئەورووپادا". ئاماژەی بەوەشدا "یەکێتیی ئەورووپا لە گفتوگۆدایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی".
پێشتریش ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر چەند بەرهەمێکی دیکەدا کردووە، هەریەک لە وڵاتانی چین، کەنەدا، مەکسیک و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئەو هەڕەشانەی سەرۆکی ئەمریکایان کردووە.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، پار وڵاتەکەیان 3.7 ملیۆن ئۆتۆمبێلی هاوردە کرد کە زۆرینەیان لە وڵاتانی ژاپۆن، کۆریای باشوور و یەکێتیی ئەورووپاوە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ