نەتەوە یەکگرتووەکان: رۆژانە یەک ملیار ژەم خۆراک بەفیڕۆ دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
پرۆگرامی ژینگەی جیهانی لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای ئەوەی 783 ملیۆن کەس لە جیهاندا رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، رۆژانە یەک ملیار ژەم خۆراک لە تەواوی جیهاندا بەفیڕۆ دەدرێت.
رۆژی 26ی ئاداری 2024، پرۆگرامی ژینگەی جیهانی راپۆرتێکی لەبارەی بەفیڕۆدانی خۆراک لە جیهاندا بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەی پڕۆگرامی ژینگەی جیهاندا هاتووە، "لە ساڵی 2022دا 1.05 ملیار تۆن خۆراک لە جیهاندا بەفیڕۆ دراوە، واتە هەر کەسێک لەو ساڵەدا 130 کیلۆ خۆراکی بەفیڕۆ داوە، ئەوەش دەکاتە یەک لەسەر پێنجی ئەو خۆراکەی هەیە."
ئیگنەر ئەندێرسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی دەڵێت، "بەفیڕۆدانی خۆراک تراژیدیایەکی جیهانییە. ئەمڕۆ ملیۆنان کەس لە جیهاندا برسین و خۆراکیش لە تەواوی جیهاندا بەفیڕۆ دەدرێت."
بەگوێرەی ئەو بەدواداچوونەی پرۆگرامی ژینگەی جیهانی کردوویەتی، "لەو وڵاتانەی کە پلەی گەرما تێیاندا بەرزە، بەفیڕۆدانی خۆراکیش بەرزە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو وڵاتانە زیاتر خواردنی تازە ئامادە دەکەن و دواتریش ئەو خۆراکانە ناتوانرێت بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵبگیرێن."
پرۆگرامی ژینگەی جیهانی خێزانەکان بە بەرپرسیاری یەکەم لە فڕێدانی خۆراک دەزانێت و ئاماژە بەوە دەکات، لەو یەک ملیار تۆن خۆراکەی کە لە ساڵی 2022 بەفیڕۆ دراوە، 631 تۆنی لە لایەن خێزانەکانەوە بووە، 290 تۆنی لە کۆمپانیاکانی خۆراک و 131 تۆنیشی لە خواردنگەکان بەفیڕۆ دراوە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی دەکات، ساڵانە هەر کەسێک لە جیهاندا 79 کیلۆ خۆراک بەفیڕۆ دەدات.
لەبارەی بڕی ئەو خۆراکەی لە عێراقدا بەفیڕۆ دەدرێت، نەتەوە یەکگرتووەکان بەپشتبەستن بە چەند توێژینەوەیەک ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کە هەرکەسێک ساڵانە لە عێراق لەنێوان 85 تاوەکو 190 کیلۆ خۆراک بەفیڕۆ دەدات.
دانیشتوانی شار و گوندەکان لە بەفیڕۆدانی خۆراکدا جیاوازییان هەیە.
بەگوێرەی پڕۆگرامی ژینگەی جیهانی، لەو وڵاتانەی کە داهاتییان مامناوەندە، ئەو کەسانەی کە لە ناوچە گوندنشینەکان دەژین زیاتر لەوانەی کە لە شارەکان دەژین خۆراک بەفیڕۆ دەدەن.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2030 پلانیان وایە بڕی ئەو خۆراکەی کە لە جیهاندا بەفیڕۆ دەدرێت بۆ نیوە کەمبکرێتەوە.
لەنێو وڵاتانی G20 تەنیا چوار وڵات تاوەکو ئێستا پابەندی پلانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک بوون، ئەوانیش ئوسترالیا، بەریتانیا، ژاپۆن و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوون.
زۆرترین بڕی خۆراک ساڵانە هەر کەسێک لەو وڵاتانەدا بەفیڕی دەدات:
نایجیریا: 189 کیلۆگرام
رووسیا: 164 کیلۆگرام
یۆنان: 142 کیلۆگرام
بەحرێن: 132 کیلۆگرام
ماڵتا: 129 کیلۆگرام
عێراق: 120 کیلۆگرام
تەنزانیا: 119 کیلۆگرام
سعودیە: 105 کیلۆگرام
لوبنان: 105 کیلۆگرام
یەمەن: 104 کیلۆگرام
سووریا: 104 کیلۆگرام
کۆنگۆ: 103 کیلۆگرام
ئۆگەندا: 103 کیلۆگرام
مۆزەمبیق: 103 کیلۆگرام
مەدەگەسکەر: 103 کیلۆگرام