ئەمریکا رۆبۆتێک بەرهەم دەهێنێت کەڕووە مەترسیدارەکانی هۆڵی نەشتەرگەری لەنێودەبات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەمریکا رۆبۆتێک بەرهەم هێندراوە کە تیشکێكی سەروو وەنەوشەیی دەردەکات و هەرچی کەڕووە لە هەر شوێنێك بێت، لەنێوی دەبات.
 
مۆریس میلەر.، شارەزای تەکنەلۆجیای پزیشکی دەڵێت، "رۆبۆتی لایت سترایک گڵۆپێکی تێدایە بە تیشکی زینۆنی کار دەکات. ئەو گڵۆپە تیشکێکی بەهێزی سەرووی وەنەوشەیی دەنێرێت و دەستبەجێ خانەی کەڕووەکان، بەتایبەتی کەڕووی جۆری سی ئاوریس، لەنێودەبات؛ بەتایبەتی لە ژووری نەشتەرگەرییەکان."
 
کەڕووی سی ئاورس گوازراوەیە، لە شوێنە گشتییەکان بە ئاسانی لە تووشبوویەکەوە بۆ کەسێكی دیکە دەگوازرێتەوە؛ لەسەر ئامێر و کەلوپەل و قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکان زیاتر لە سێ هەفتە بە چالاکی دەمێنێتەوە و دەبێتەهۆی هەوکردنی ئەو ئەندامانەی کە نەشتەرگەرییان بۆ کراوە و خوێنبەربوونی تووندیان لێ دەکەوێتەوە، هەندێکجار لەدوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری، دەبێتەهۆی مردنی نەخۆشەکە.
 
تیشکی سەرووی وەنەوشەیی رۆبۆتی لایت سترایک توانای لەنێوبردنی ڤایرۆسەکانی ئیبۆلا و هەروەها چەند جۆرێكی دیکەی میکرۆبەکانی هەیە، بەتایبەتی لە نەخۆشخانە و نۆرینگەکان.