کۆشکی سپی دڵنیایی لە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەدات

رووداو - هەولێر

کۆشکی سپی دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا رژدە لەسەر هێشتنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا. 
 
رۆژی یەکشەممە 26ـی ئاداری 2023، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "ئێمە هەمیشە کار بۆ بەرگریکردن لە سوپا و ناوەندەکانمان دەکەین"؛ گوتیشی کە بایدن "بەتەواوی" پابەندە بە هێشتنەوەی سوپای ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کە ئامانجی سەرەکی ئەو هێزانە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییدا رووبەڕووبوونەوەی داعشە. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، وڵاتەکە نزیکەی 900 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێردەسەڵاتی هەسەدە و ناوچەی تەنف هەیە. 
 
کێربی لەبارەی ئامانجی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و ناوچەی تەنف گوتی، "ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی داعش ناگۆڕدرێت. ئێمە خوار هەزار سەربازمان لە سووریا هەیە و بەرەنگاری داعش دەبنەوە". 
 
ئەم گوتەیەی کێربی لە کاتێکدایە، لە رۆژانی رابردوودا چەندجارێک هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کراونەتە ئامانج. 
 
رۆژی 23ـی ئادار، هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بە درۆن کرانە ئامانج کە بووە هۆی کوژرانی بەڵێندەرێکی ئەمریکی و برینداربوونی پێنج سەربازی ئەمریکی. رۆژێک دواتر پێنتاگۆن رایگەیاند کە لە تۆڵەی ئەوەدا، سێ پێگەی گرووپێکی چەکداری نزیک لە ئێرانیان لە سووریا کردووەتە ئامانج کە بەهۆیەوە 14 کەس کوژران. ئەوەش زنجیرەیەک پێکدادانی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا. 
 
لەو بارەیەوە، کێربی دەڵێت بایدن "بە خێرایی کرداری نواند" و هۆشداریش دەدات کە ئەمریکا هەنگاوی زیاتر لەو بارەیەوە دەنێت. 
 
کێربی گوتی، " بە دڵنیاییەوە ئەگەر سەرۆک بە گونجاو و پێویستی بزانێت بۆ بەردەوامبوون لە پاراستنی سەرباز و پێگەکانمان، ئەگەری کاری زیاتری ئەمریکا رەتناکەینەوە. ئێمە لەسەر ئەوە بەردەوام دەبین و ئەو پەیامەش بە دەنگی بەرز و روون دەنێردرێت".