رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا پێشوازی لە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، بانگەوازەکە "دەرفەتێکی مێژووییە" بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەندین دەیەی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان.
گوتەبێژێکی وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگە، بەڵام پێویست بە هەنگاوی زیاتر دەکات. لە نێویاندا و لە سەرووی هەموویانەوە، رێزگرتن و دەستەبەرکردنی مافە کولتووری و دیموکراسییەکانی کورد لە تورکیا".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت: "وەک حکومەتی فیدراڵی، ئامادەین بۆ پشتیوانیکردنی پڕۆسەیەکی لەم شێوەیە، ئەوەی پێمان بکرێت بیکەین".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-2-2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان راگەیاند. ئەحمەد تورک پەیامەکەی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە حەوت کەسییەکە ئەمڕۆ سەردانی ئیمراڵییان کرد.
لە پەیامەکەیدا، ئۆجەلان رایدەگەیێنێت، "لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ".
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلان:
ئێمە پێشوازی لە بانگەوازەکەی ئەمڕۆی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ پەکەکە و گرووپە هاوپەیمانەکانی دەکەین بۆ دانانی چەکەکانیان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
ئەمە دەرفەتێکی مێژوویی دەڕەخسێنێت بۆ شکاندنی ئەو گێژاوەی دەیان ساڵەی تیرۆر و تووندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە کە دەیان هەزار قوربانی لێکەوتووەتەوە.
گوتەبێژێکی وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگە، بەڵام پێویست بە هەنگاوی زیاتر دەکات. لە نێویاندا و لە سەرووی هەموویانەوە، رێزگرتن و دەستەبەرکردنی مافە کولتووری و دیموکراسییەکانی کورد لە تورکیا".
پەرلەمانی تورکیا ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە داڕشتنی ئەم پرۆسە سیاسی و پابەندکردن بە چارەسەری سازش لەسەرکراو.
ئێمە وەک حکومەتی فیدراڵی ئامادەین ئەوەی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆسەیەکی لەو شێوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ