رووداو دیجیتاڵ
گەیر پێدەرسن، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، داوای لە ئۆپۆزیسیۆن و حکومەتی سووریا کرد، گفتوگۆکانیان بۆ نووسینەوەی دەستوور لە کۆتایی مانگی نیسانی داهاتوو دەستپێبکەنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی سووریا کۆبووەوە و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد گفتوگۆکانیان دەستپێبکەنەوە، سەرەڕای ئەوەی رووسیا رایگەیاندووە، جنێڤ شوێنێکی بێلایەن نییە لە پرسی سووریادا و داوای شوێنێکی دیکەی کردووە.
لە گوتارەکەیدا، پێدەرسن، رایگەیاند ماوەی 18 مانگە لە هەوڵدایە لایەنەکانی سووریا نزیک بکاتەوە و رێکبکەون لەسەر دیاریکردنی شوێنی گفتوگۆکان و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانیشی بە خاڵێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی 13 ساڵەی ئەو ساڵە ناوبرد.
"ملیۆنێک کەس بێ کارەبان"
لەبارەی دۆخی مرۆیی سووریاشەوە، مارتن گریفن، رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، رایگەیاند، زیاتر لە 16 ملیۆن سووریای لە خراپترین دۆخدان و پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلە هەیە.
گریفن، لەبارەی هێرشەکانی ئەمدواییەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، "لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هێرشەکانی ئەمدواییە کە لە نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمەوە دەستیانپێکردووە، زیانی بە بەشێک یان تەواوی دەزگە خزمەتگوزارییە گرنگەکان گەیاندووە، لەنێویان وێستگەی ئاو، بنکەی تەندروستی، قوتابخانە، زۆر خزمەتگوزاری گرنگی دیکە. زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە شارە گەورەکان و گوندەکان بێ کارەبا بوون".
هەروەها ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، نەبوونی کارەبا و ئاو و سووتەمەنی، ئاسایشی خۆراک و برسێتی لەنێو کۆمەڵگە زیاتر کردووە بەتایبەتی لەنێو منداڵان و ژنانی دووگیان.
لەبارەی کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکەی ساڵی رابردووی رۆژئاوای کوردستان و سووریاش، گریفن دەڵێت، "ساڵێک تێپەڕیوە و خەڵکی سووریا لە خراپترین دۆخی مرۆییدا".
بەریتانیا: سووریا بەردەوامە لە بازرگانیکردن بە کاپتاگۆن
لەبارەی هەڵوێستی بەریتانیا بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا، باربرا ودوۆرد، باڵیۆزی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجوومەنی ئاسایشی راگەیاند، لەندەن لەگەڵ ئەوەیە سووریا، چالاکییەکانی کە دەبنە هۆی دروستکردنی ناسەقامگریی لە ناوچەکە رابگرێت و لەجیاتی ئەوە رۆڵێکی بونیاتنەرانە بگێڕێن، "بەڵام ئەو کارەمان نەبینیووە".
هەروەها نوێنەری بەریتانیا لە یوئێن دەڵێت، "رژێم بەردەوامە لەوەی داهاتێکی بێشووماری لە فرۆشتنی کاپتاگۆن دەستدەکەوێت، لەگەڵ پشتگیرییەکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، ئەو بازرگانیکردنە فراوانتر و مەترسیدارتر بووە و ئەمەش هاوبەشەکانمانی لە ناوچەکە خستووەتە مەترسییەوە".
ژمارەی دانیشتووانی سووریا 23 ملیۆن کەسە و ئەو بەرپرسەی بەریتانیا دەڵێت، 72%ی دانیشتووانی سووریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.
ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو قەیرانە 13 ساڵییە، لانیکەم 13 ملیۆن سووریای ئاوارە کردووە.
ئێران: دۆخی سووریا ئاسایی دەکەینەوە
لە گوتارێکیدا لەبەردەم وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەمیر سەعید ئیراڤانی، نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی دۆخی سووریا رایگەیاند، تاران لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە دانووستانەکانی ئاستانە، پابەندن بەوەی کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی سووریا بکەن.
هەروەها نوێنەری ئێران لە یوئێن رایگەیاند، دەبێت تەواوی هێزە بیانییەکانی نێو سووریا بکشێنەوە و گوتیشی، "لەو بڕوایەداین دەبێت سەرجەم هێزە بیانییەکانی کە بە نایاسایی لە سووریان، بچنە دەرەوە، بێ هیچ پێش مەرجێک یاخوود دواکەوتنێک. لەگەڵ ئەوەش دەبێت رژێمی ئیسرائیل هەڵسوکەوتە شەڕانگێزییەکانی لە دژی سووریا رابگرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ