ئەمریکا و بەریتانیا سزا بەسەر جێگری فەرماندەی فەیلەقی قوودسی ئێران دەسەپێنن

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمریکا و بەریتانیا سزایان بەسەر دوو کەسایەتی و سێ دامەزراوەدا سەپاند و دەڵێن، هاوکاری سوپای پاسداران و حووسییەکانیان کردووە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، واشنتن و لەندەن، دوو فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و حووسییەکانیان خستووەتە لیستی سزاکانەوە.
 
هەروەها کۆمپانیایەکیان سزاداوە بە تۆمەتی ئەوەی بایی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار کاڵای ئێرانی بە کۆمپانیاکانی چین فرۆشتووە.
 
یەکێک لەو کەسانەی خراوەتە لیستی سزاکانەوە بریتییە لە محەممەد رەزا فەلاحزادە کە جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانە؛ کەسەکەی دیکەش بریتییە لە ئیبراهیم ناشیری کە بەرپرسێکی باڵای حووسییەکانی یەمەنە.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، سوپای پاسداران بە چەک و زانیاریی هەواڵگری هاوکاری حووسییەکانی کردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لەنێو دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. 
 
لەبارەی سزا نوێیەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، برایان نیلسن، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و دارایی هەواڵگری دەڵێت، "حووسییەکان لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و هاتووچۆی بازرگانی نێودەوڵەتی، هەربۆیە ئەمریکا و بەریتانیاش بەردەوام دەبن لە وشککردنی سەرچاوە داراییەکان کە وایکردووە حووسییەکان ئەو چالاکیانە بکەن". 
 
لەنێوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی پارەوە حووسییەکان لانیکەم 40 هێرشیان بۆ سەر کەشتییەکان لەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەدا کردووە.
 
لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا ئەمریکا چوار جار لەگەڵ بەریتانیا و 19 جاریش بە تەنیا پێگەی حووسییەکانی لە یەمەن بۆردوومان کردووە.