وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا: ئەم ساڵ 2,000 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ئەم ساڵ لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە وڵاتەکە، گەیشتووەتە دوو هەزار کەس.
رۆژی دووشەممە، 26ـی شوباتی 2024، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، تەنیا رۆژی یەکشەممە، 290 کۆچبەر بە پێنج بەلەمی بچووکەوە لە نۆکەندی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە بەریتانیا.
دەشڵێت، ئەوەش زۆرترین ژمارەی کۆچبەران بووە کە لە 17ـی کانوونی دووەمەوە لە یەک رۆژدا گەیشتوونەتە بەریتانیا.
هاوکات، ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبارەی چوونی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ نێو وڵاتەکەی، راگەیاند: "دڵنیام کە ئێمە دەتوانین هاتنی ئەو بەلەمە بچووکانە بوەستێنین، ئەوەش مانای ئەوەیە کە ئێمە گوشار ناخەینە سەر ناوچە لۆکاڵییەکانی خۆمان بۆ جێگرکردنی کۆچبەران لەنێو خانووەکاندا".
رۆژی سێی ئەم مانگە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی بەلەمە بچووکەکانی بەریتانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوو ساڵی رابردوودا 76 هەزار کۆچبەر هەوڵیانداوە بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بپەڕنەوە بەریتانیا.
بەگوێرەی ئامارەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی بەلەمە بچووکەکانی بەریتانیا، لە دوو ساڵی رابردوودا پۆلیسی بەریتانیا توانیویەتی رێگە لە 26 هەزار کۆچبەر بگرێت کە بە بەلەمی بچووک خۆیان بگەیێننە بەریتانیا.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، ساڵی رابردوو چوونی کۆچبەران لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بەراورد بە ساڵی 2022 بە رێژەی 36% کەمیکردووە.
ساڵی 2022 حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، 45 هەزار و 774 کۆچبەر گەیشتوونەتە وڵاتەکە.
نۆکەندی ئینگلیز بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگە ئاوییەکان دادەنرێت کە کۆچبەران بەکاریدەهێنن و بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 1999ـەوە 376 کۆچبەر لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.
بەریتانیا هەوڵەکانی خستوەتەگەڕ بۆ ئەوەی بە چەند رێگەیەک چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە کەم بکاتەوە، لەوانەش زیادکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرەنسا و ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا.