ئەندامێکی شانەی بیتڵزی داعش لە لەندەن دادگایی دەکرێت

27-02-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ دادگاییکردنی ئەندامێکی شانەی بیتڵزی داعش لە لەندەن بەڕێوەبچێت کە بە ئەشکەنجەدان و کوشتنی هاووڵاتییانی وڵاتانی رۆژئاوا لە سووریا تۆمەتبارە.
 
ئۆنیا دەیڤیز، تەمەن 39 ساڵ، بە تۆمەتی "پارەدارکردنی جموجووڵی تیرۆریستیی" داعش لە ساڵی 2014 و هەڵگرتنی چەک لە ساڵەکانی 2013 - 2014 "بۆ چەند مەبەستێکی تیرۆریستی" و ئەشکەنجەدان و کوشتنی هاووڵاتییان دادگایی دەکرێت.
 
شانەی بیتڵزی داعش لە چوار ئەندام پێکهاتبوو، کە لەنێوان ساڵی 2012 و 2015 لە سووریا شەڕیان دەکرد و تۆمەتبارن بە رفاندن و کوشتنی لانیکەم 27 رۆژنامەڤان و کارمەندی مرۆیی کە خەڵکی ئەمریکا، ئەوروپا، نیوزیلاند، رووسیا و ژاپۆن بوون.
 
دەیڤیز بەوە تۆمەتبارە کە یەكێک بووە لە چوار ئەندامەکەی شانەی "بیتڵز" کە بەوە تۆمەتبارن لە سووریا بارمتەکانیان کوشتووە و سەربڕیوە.
 
لەبەر ئەوەی ئەو چوار ئەندامەی داعش خۆیان بەریتانی بوون، بارمتە رۆژئاواییەکان ناوی "بیتڵز"یان لەو ئەندامانەی داعش نا. لە ساڵانی 1960ـەکاندا گرووپێکی میوزیکی بەریتانی بەناوی بیتڵز ناوی دەرکرد کە ئەوانیش لە چوار کەس پێکهاتبوون.
 
ئەم گرووپەی داعش لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی کوشتنی بارمتەکانەوە ناویان دەرکردبوو.
 
ئۆنیا دەیڤیز لە مانگی تشرینی دووەمی 2015 لە تورکیا دەستگیرکرا و دادگەی تورکیا بە تاوانی "تیرۆر" سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.
 
لە مانگی ئابی 2022، دەیڤیز لە تورکیاوە دیپۆرتی بەریتانیا کرا و بە تۆمەتی "تیرۆر" زیندانی کرا. دواتر، رۆژی 2ی ئەیلوولی هەمان ساڵ یەکەم دانیشتنی لە دادگەی تاوانی ناوەندیی لەندەن، ناسراو بە ئۆڵد بەیلی، بەڕێوەچوو.
 
بەگوێرەی دادوەرانی بەریتانی، دەیڤیز پێش ئەوەی لە ساڵی 2013 لە رێگەی تورکیاوە بچێتە سووریا، سەردانی ئیمارات و سعودیەشی کردووە.
 
ئەندامێکی دیکەی "بیتڵز" ناوی محەممەد ئیموازی بوو و نازناوی "جۆنی جیهادی"ی هەبوو، لە ساڵی 2015 لە سووریا لە هێرشێکی درۆنیی ئەمریکادا کوژرا.
 
هەر ساڵی رابردوو، دادگەی ئەمریکا سزای زیندانیکردنی تاهەتایی بۆ دوو ئەندامی دیکەی گرووپەکە بە ناوەکانی شافعی شێخ و ئەلێکساندەر کۆتیی بڕییەوە، ئەوەش دوای ئەوە هات کە لە ساڵی 2018دا لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدەوە دەستبەسەر کران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.