فیلێک یەکێک لە کارمەندەکانی باخچەیەکی ئاژەڵان لە ئیسپانیا دەکوژێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێک لە کرێکارەکانی باخچەیەکی ئاژەڵان لە ئیسپانیا بەهۆی لێدانی فیلێک بە خورتوومەکەی و ئەو گورزەی بەهۆی فڕێدانیەوە بەر سەری کەوتووە، گیانی لەدەستدا. پیاوەکە تەمەنی 44 ساڵ بوو و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
کارمەندانی باخچەی ئاژەڵانی کابارسینۆ کە دەکەوێتە نزیک شاری سانتاندێری ئیسپانی وەک کاری رۆژانەیان سەرقاڵی پاککردنەوەی رووکەشی باخچەکە دەبن، لەو کاتەدا فیلێکی مێ کە کێشی زیاتر لە چوار تۆن دەبێت (4400 کیلۆگرام) بە خورتوومەکەی لەو کرێکارە دەدات و فڕێی دەدات و کرێکارەکە سەری بەر سیاجێکی نزیک لە شوێنی رووداوەکە دەکەوێت. 
 
بە گوتەی کاربەدەستانی باخچەکە، کرێکارەکە بە سەختی بریندار دەبێت و، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەی گیانیلەدەستداوە.
 
فرانسیسکۆ خاڤیێر لۆپێز، وەزیری گەشتوگوزار لە حکومەتی هەرێمی کانتابریا کە خاوەندارێتی ئەو باخچەیە دەکەن، لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت، ئەو فیلەی لە گوتێرێز ئەڕنێزی دا تووشی هەوکردنی پێی بووە و ئەگەری هەیە دووگیان بێت. کرێکارەکە لە دۆخی پێی فیلەکە کۆڵیوەتەوە و لەوکاتەدا رووداوەکە روویداوە.
 
بەگوتەی وەزیری گەشتوگوزاری هەرێمی کانتابریا هێزی لێدانی فیلەکە هێندە زۆر بووە کە ئەستەمە کەس لەبەرامبەر ئەو لێدانە بە سەلامەت دەربچێت. لەهەمانکاتدا جەختدەکاتەوە کە کرێکارەکان لەکاتی کاری رۆژانە و ئاسایی خۆیان بوون و تەنیا هەڵەیەک کە کردوویانە ئەوەیە زۆر متمانەیان پێبووە کە "ئەوە تاکە هۆکارە و رەنگە لە هەندێ دۆخدا تراژیدیایەکی لەو شێوەیە رووبدات".
 
پۆلیس و کاربدەستانی باخچەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە، کە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی باخچەکەدا رووداوێکی هاوشێوە روودەدات.
 
باخچەی ئاژەڵانی کاپارسینۆ کەبەر لە 31 ساڵ دروستکراوە، نزیکەی 120 جۆر ئاژەڵی تێدایە وەک فیل، شێر، پڵنگ، جاگوار.
 
ساڵی رابردوو پاسەوانێکی تەمەن 46 ساڵ لە باخچەی ئاژەڵانی مەدرید لەلایەن گۆرێلایەکەوە هێرشی کرایە سەر، کە توشی شکانی دەست و قاچ و هەروەها برینی سەری بوو.