لە کینیا جرج بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی سیل رادەهێندرێت

27-01-2023
شکار رێبوار
راهێنان بە جرج دەکرێت
راهێنان بە جرج دەکرێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
لە تاقیگەیەکی پزیشکی لە کینیا، جرج رادەهێندرێن بۆ ئەوەی نەخۆشیی سیل بناسنەوە. رێکخراوێکی بەلجیکیی تایبەت بە راهێنانی گیانەوەران لەبواری پزیشکیدا کاریان لەسەر دەکات. 
 
جۆزێپ سۆکا، بەڕێوەبەری کارگێڕیی رێکخراوی APOPO بۆ سیل گوتی، "هەستیاریی ئەم جرجانە هێندەی مایکرۆسکۆب و پشکنینەکانی دیکە بەرزە. ئەوان دەتوانن بە ئاسانی سیل لە تووشبووانی نەخۆشیی ئەیدز دەستنیشانبکەن. ئەوەمان بیربێت کە ئەوانەی لەگەڵ ئەیدزدا دەژین، ئەستەمە بە ئاسانی لە رێگەی پشکنینەکانەوە دەستنیشانبکرێن.'' 
 
هۆکاری سیل بەکتریایە و زۆربەی کات تووشی سییەکان دەبێت، کۆکە و پژمەی کەسی تووشبوو دەیگوازێتەوە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، لە ساڵی 2021، نزیکەی 1.6 ملیۆن تووشبووی سیل لە جیهاندا تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 187 هەزاریان تووشبووی ئەیدزن.
 
توێژەران دەڵێن، ئەنجامی پشکنینی جرجەکان بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی سیل 75٪ بووە، دەیانەوێت بە تەکنیکی نوێ، وردیی دەستنیشانکردنەکە بگەیێننە 90٪. 
 
داڤاڵ شا، پزیشکی ڤێتێرنەری باس لەوە دەکات، "جرج وەکو مرۆڤ لە مەمکدارەکانە، جیاوازییەکە ئەوەیە کە جرج وەرگری بۆنی جیاوازیان لە خانەی تایبەتمەندیی لووتیانەوە هەیە، جرج 50٪ ئەو وەرگرە تایبەتانەیان تێدایە، لەکاتیکدا نێوپۆشی لووتی مرۆڤ بە 5٪ـی ئەو خانە تایبەتانەوە داپۆشراوە.''
 
شارەزایانی رێکخراوەکە تەکنیکی پشکنینی سیل لەلایەن جرجەوە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانن و دەیانەوێت ئاژەڵان بەشێکبن لە پاراستنی ژیانی مرۆڤ و داهێنانی پزیشکی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە