کەنەدا نوێنەرێکی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا دەستنیشان دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

کەنەدا بۆ یەکەم جار نوێنەرێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ترس لە ئیسلام - ئیسلامۆفۆبیا دەستنیشان دەکات. ئەم پۆستە نوێیە دوای چەند هێرشێک بۆ سەر موسڵمانان لەو وڵاتەدا دێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2023، نووسینگەی جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە ئەمیرا ئەلگەوابی، رۆژنامەڤان و چالاکڤان ئەو پۆستە دەگرێتە دەست بۆ ئەوەی "وەکو پاڵەوانێک، راوێژکارێک، شارەزایێک و نوێنەرێک کار بکات بۆ پاڵپشتیکردن و بەرەوپێشبردنی هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵ لە شەڕی دژی ئیسلامۆفۆبیادا."
 
بە گوێرەی فەرهەنگی ئۆکسفۆردی ئەمریکی، ئیسلامۆفۆبیا ئاماژەیە بۆ ترس و دووژمنایەتی بەرامبەر موسڵمانان و ئیسلام کە بەهۆی رەگەزپەرستییەوە دەجووڵێتەوە و، دەبێتە هۆی کردەوەی جیاکاری و تووندوتیژی کە موسڵمانان و ئەوانەی وەک موسڵمانان دەکرێنە ئامانج. جەستن ترودۆ لەو بارەیەوە دەڵێت، "رەگەزپەرستییێکی بە سیستمکراوە، جیاکارییەکی نەژادییە و دەمارگیرییەکی ئایینییە."
 
ئەمیرا ئەلگەوابی، چالاکڤانێکی مافەکانی مرۆڤە، سەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دامەزراوەی پەیوەندییەکانی نەژادی کەنەدی یە و لە رۆژنامەی تۆرۆنتۆ ستار ئیدیتۆری هەواڵە.
  
جەستن ترودۆ پەسنی دیاریکردنی ئەمیرای کرد و بە "هەنگاوێکی گرنگ لە شەڕی ئێمە دژی ئیسلامۆفۆبیا و رق و کینە بە هەموو شێوەکانی" باسی کرد. ترودۆ گوتیشی کە هەمەچەشنەیی یەکێکە لە "خاڵە هەرە بەهێزەکانی کەنەدا، بەڵام بۆ ژمارەیەکی زۆر موسڵمانان ئیسلامۆفۆبیا زۆر شتێکی باوە."
 
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، زنجیرەیەک هێرشی خوێناوی کراونەتە سەر موسڵمانان کە بوونەتە هۆی تووڕەبوونی کۆمەڵگەی موسڵمانان لە کەنەدا. 
 
لە مانگی حوزەیرانی 2021 دا لە پارێزگای ئۆنتاریۆی باشووری کەنەدا کەسێک بە بارهەڵگرێکەوە خۆی بە خێزانێکی موسڵماندا کێشا و چوار کەس لە یەک خێزان گیانیان لەدەستدا. چوار ساڵ پێشتر، لە هێرشێکدا بۆ سەر مزگەوتێکی شاری کیوبێک، شەش موسڵمان گیانیان لەدەستدا و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
 
دروستکردنی پۆستێکی نوێ لە حکومەتی کەنەدا دوای ئەوە هات کە لە مانگی حوزەیرانی 2021 دا حکومەتی فیدراڵیی وڵاتەکە لە لووتکەیەکی هەرێمیدا لەبارەی ئیسلامۆفۆبیا پێشنیازی دروستکردنی کرد.