کاردانەوەکان دژی سووتاندنی قورئان لە سوێد

رووداو دیجیتاڵ 

موسڵمانانی جیهان نیگەرانن لەوەی لە سوێد تووندئاژۆیەک قورئانی سووتاندووە، لە هۆڵەنداش کەسێکی دیکە قورئانی دڕاندووە و دەیەویست بشیسووتێنێت. کاتێک قورئانەکەی دەسووتاند، پۆلیس بەدیاریەوە راوەستابوو و هیچی نەکرد. ئەمە ئەو رەخنەیەیە کە زۆربەی موسڵمانان لە حکومەت و پۆلیسی سوێدیی دەگرن.
 
سووتاندنی قورئان لەلایەن راسمووس پالودان، راستئاژۆیی تووندئاژۆیە لە سوێد، موسڵمانانی تووڕەکرد، بەتایبەت کە سوێد رێگەی پێداوە و پۆلیسیش پاراستوویەتی. 
 
پار ئەمکاتانە هەر ئەو پیاوە کە بە بنەچە دانیمارکییە پشێوییەکی گەورەی لەگەڵ موسڵمانانی سوێد دروستکرد. ئۆتۆمبێلی پۆلیس سووتێندران. شوێنە گشتییەکان تێکدران. ئەمجارە پرۆتێستەکان لە دەرەوەی سوێدن. 
 
هەر خۆپیشاندانیش نین. ئەردۆغان دیسان چاو لە سوێد سووردەکاتەوە، بەڵام ئەوەی سەرۆکی تورکیای تووڕە کردووە هەر سووتاندنی قورئان نییە. بەڵکو ئەم خۆپیشاندانەشە کە لە ستۆکهۆڵم دژی ئەو و حکومەتەکەی کراوە. 
 
لە هۆڵەنداش ئێدڤین ڤاخنسفێڵد لەبەردەم پەرلەمان قورئانی دڕاند، رۆژی پاشتر دەیەویست قورئانێکی دیکە بسووتێنێت. موسڵمانی هۆڵەندا هاتنە سەرشەقام و پۆلیسیش بەرلەوێ قورئان بسووتێندرێت، راستڕۆ تووندئاژۆکەی دەستگیر کرد.
 
زۆر کوردی دانیشتووی دیاسپۆرا ئەم هەفتەیە پەیامیان بۆ هێڵی گەرمی دیاسپۆرا ناردووە و ئەو پرسیارەیان کردووە: بۆچی پۆلیس کەسێک دەپارێزێ کە قورئان بسووتێنێت؟
 
سامان حەسەن، شارەزای پۆلیسی ئەوروپی و لەنێو دەزگای پۆلیسی ئەوروپیدا کاردەکات و بەشێوەی ئەکادیمیش خوێندوویەتی لەسەر ئەم مژارە میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، بەپێی یاسا هەموو ئەوروپییەک مافی خۆپیشاندانی هەیە.
 
سەبارەت بەو پرسیارەی چۆن پۆلیسی رێگری لەو کەسانە ناکات کە هەوڵی دڕاندن یان سووتاندنی قورئان دەدەن، سامان حەسەن گوتی" بەپێی یاسا ئەرکە لەسەر پۆلیس خۆپیشاندەر لە تووندوتیژی بپارێزێت و پۆلیس تەنیا لەکاتی بوونی تووندوتیژی دەتوانێت کۆتایی بە خۆپیشاندان بێنێت، واتە پۆلیس بۆی نییە بەویستی خۆی کۆتایی بە خۆپیشاندان بێنێت، یاخەد رێگری لە کەسێک بکات کە دەیەوێ بەهەر رێگەیەک بێت پەیامێک بگەیێنێت، تەنیا لە کاتێکدا نەبێت کە کارەکە تووندوتیژی لێبکەوێتەوە، یاخود ببێتە هۆی داخرانی رێگەکان".
 
سامان حەسەن روونیکردەوە، هیچ حکومەتێک لە ئەوروپا نییە پشتیوانی لە سووتاندنی قورئان بکات و گوتیشی "حکومەت و کۆمەڵگەی هۆڵەندی پشتیوانی لە سووتاندنی قورئان ناکەن و هەموو تاکێکی هۆڵەندی دڕاندی هەر کتێبێک رەتدەکەنەوە، هەروەها پۆلیسیش پشتیوانی لە دڕاندن و سووتاندنی قورئان ناکات، یان هەر کتێبێکی ئاینی ناکات".
 
بەپێی بڕگەی 11ی یاسای ئەوروپی هەموو تاکێکی ئەوروپا دەتوانێت خۆپیشاندان بکات و داوای شتێک بکات، یاخود بەرێگەیەک پەیامێک بگەیێنێت.

 

 
هەندێجار کۆمەڵگەی سوێدی یاخود هۆڵەندی بە بشتیوانی ئەوکەسانە دادەنێن کە هەوڵی دڕاندن و سووتاندنی قورئان دەدەن، لەو بارەیەوە سامان حەسەن کە لەنێو دەزگای پۆلیسی ئەوروپیدا کاردەکات گوتی "لە هەموو هۆڵەندا تەنیا یەک کەس هەوڵی سووتاندنی قورئان دەدات و ئەو کەسەش چەندین جارە قورئان دەدڕێنێت و هەوڵی سووتاندنی دەدات، هەرچەندە لە زۆر شوێن رێگری لەو کەسە کراوە، بەڵام بەدڵنیایەوە کۆمەڵگەی هۆڵەندی دژی ئەو رەفتارەیەوە و پشتیوانی ناکەن."
 
هەر سەبارەت بە کاردانەوەکانی سووتاندنی قورئان لە سوێد و هەروەها دڕاندنی لە هۆڵەندا، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی رۆژانەیدا رایگەیاند، سووتاندنی قورئان کارێکی تێکدەرانەیە؛ "سووتاندنی کتێبێک کە بۆ زۆر خەڵک کتێبێکی پیرۆزە، کارێکی زۆر بێڕێزییە و کارێکی قێزەون و ناشرینە."
 
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە "کارێکی دنەدان بووە کە ئامانج لێی دروستکردنی دوورخستنەوەی دوو هاوبەشی نزیکی ئێمەیە کە ئەویش تورکیا و سوێدە. رەنگە ئەوانە هەوڵیاندابێت کاریگەرییان لەسەر گفتوگۆکانی پرۆسەی بەئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە ناتۆ هەبێت."
 
لە چەندین وڵاتی ئیسلامی خۆپیشاندان و گردبوونەوە ئەنجامدران دژی سووتاندنی قورئان و داوایان کرد دەستبەجێ ئەو کردەوەیە بوەستێندرێت و بکەرانیشی سزا بدرێن.