رووسیا داوای كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەبارەی رووداوەکانی حەسەکە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا داوای كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە بۆ تاوتوێكردنی دوایین دۆخی حەسەكە و هەڕەشەی داعش و پێكدادانەكانی نێو گرتووخانەی غوێران.
پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک رایگەیاند، باڵیۆزی هەمیشەیی رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، بە فەرمیی داوای کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کردووە لەبارەی دۆخی حەسەکە، هەڕەشەی داعش و پێکدادانەکانی چەند رۆژی رابردووی نێو گرتووخانەی غوێران و چارەنووسی گیراوەکان.
ئەم داواكارییەی رووسیا لە كاتێكدایە رۆژی چوارشەممە، 26ی کانوونی دووەمی 2022، فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند: "لەهەڵمەتی سەربازیی چەکوشی گەلاندا گرتووخانەی سناعە لە حەسەکە لەلایەن هێزەکانمانەوە کۆنتڕۆڵکرا و سەرجەم ئەندامانی داعش خۆیان رادەستکرد."
سیامەند عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی یەپەگەش گوتی، "هێزەکانی ئێمە لە گەڕەکی زهوور بە تەواوی لە شەڕ و پێکداداندابوون، چونکە لە گۆشەیەکی گرتووخانەکە هەندێک داعش خۆیان شاردبووەوە، لەوێش شەڕێکی قورس روویدا و پاش گەمارۆدران، ئێمەش وردە وردە پێشڕەویمان کرد."
لە سەرەتای دروستبوونی شەڕەکەوە لانیکەم 45 هەزار کەسی سڤیل دەربەدەربوون، ئەوانەی لە نێو ماڵەکانیشیاندا مابوونەوە، لە ترسێکی گەورەدا دەژیان، دەنگی تەقە و فڕۆکەی جەنگی بەردەوام لە گوێیاندا دەزرنگایەوە.
دایکی ئیبراهیم، دانیشتوویەکی حەسەکەیە و دەڵێت، "بۆردوومان، پێکدادان و کوشتنی گەنجان و ئەم شتانە هەیە، بارودۆخ شێواوە. ئێمە لە ترسی بۆردوومان و پێکدادان دەربەدەربووین."
لەگەڵ هێرشی داعش بۆ سەر گرتووخانەی غوێران لە حەسەکە، چارەنووسی خێزان و منداڵانی داعش لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جارێکی دیکە دەبێتەوە رۆژەڤ. لەوانەش نزیکەی 10 هەزار منداڵ کە دایکیان خەڵکی 60 وڵاتی جیهانن، لە کامپەکاندان، لەگەڵ 850 منداڵ لە کامپی غوێران کە یونسێف داوای پاراستنی سەلامەتی و گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتانی خۆیان دەکات.