لە دەریای سپیی نێوەڕاست تەقە لە کەشتییەکی رووسی کرا و ژێرئاوکەوت

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەشتییەکی رووسی لە دەریای سپیی نێوەڕاست تەقەی لێدەکرێت و ژێرئاو دەکەوێت؛ کۆمپانیای خاوەنی کەشتییەکە دەڵێت "هێرشی تیرۆریستی بووە."
 
چوارشەممە (25-12-2024) کۆمپانیای ئۆبۆرۆن لۆجیستیکا کە خاوەنی کەشتییە تەقەلێکراوەکەیە رایگەیاند "پێمانوایە ئەو رووداوە، هێرشێکی تیرۆریستیی ئامانجدار بووە، کە لە 23-12-2024 لە دژی کەشتیی ئێرسە مەیجەر کرا."
 
کۆمپانیاکە ئاشکرای نەکرد کێ لە پشتی هێرشەکەوە بووە.
 
رۆژی سێشەممە 24-12-2024 کەشتیی ئێرسە مەیجەر ئاماژەی (مەترسی)ـی بۆ مۆسکۆ نارد و داوای یارمەتی کرد. دواتر لە نزیک ئیسپانیا ژێرئاو کەوت. 
 
دەریای سپیی نێوەڕاست هاوسنووری 22 وڵاتە و یەکێک لەوان ئیسپانیایە.
 
کۆمپانیای ئۆبۆرۆن لۆجیستیکا کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی رووسیایە رایگەیاند "سێ تەقینەوەی بەدوای یەک، لەسەر کەشتییەکە روویاندا، دواتر ژێرئاوکەوت."
 
تاوەکو ئێستا کۆمپانیاکە ئاشکرای نەکردووە چ جۆرە بەڵگەیەکی بۆ تۆمەتی "هێرشی تیرۆریستی" پێیە.
 
بەشی قەیرانەکان لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام رایگەیاند "دوای ئەوەی تەقینەوە لە بەشی بزووێنەر دا روویدا، کەشتییەکە ژێرئاوکەوت. 16 ستاف لەسەر کەشتییەکە دا بوون، 14ـیان رزگارکران و بۆ بەندەری کارتاگێنا لە ئیسپانیا گوازرانەوە، دوو کارمەند بێسەروشوێنن."
 
نووسینگەیەک لە لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا، کە کار لەسەر کێشە و لێکۆڵینەوە گەورەکانی وڵاتەکە دەکات رایگەیاند "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە."
 
ئێرسە مەیجەر رۆژی دووشەممە 23-12-2024 لە باشووری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا زەنگێکی بۆ مۆسکۆ ناردبوو، ئاگاداری کردبووەنەوە کەشوهەوا لەبار نییە. دوای ئەوەی ئیسپانیاش ئاگادارکرایەوە، هێلیکۆپتەرێکیان بۆ نێردرا بۆ ئەوەی کارمەندانی سەر کەشتییەکە بگوازنەوە. دواتر، کەشتییەکی جەنگیی رووسی گەیشتە ئێرسە مەیجەر و کارمەندەکانی وەرگرت، ئەمە تاوەکو ئەو کاتەوی کەشتییەکە لەنێوان ئیسپانیا و جەزائیر دا بوو. رۆژی دواتر، واتا سێشەممە، کەشتییەکە ژێرئاو کەوت. 
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، کەشتییەکە 124.7 مەتر درێژە و کەشتییەکی بارهەڵگرە، هەندێکجار وەکو کەشتیی نەفەرهەڵگریش بەکاردێت.
 
کەشتیی ئێرسە مەیجەر، لە شاری سانت پیتەرسبێرگ، ئەوپەڕی رۆژئاوای رووسیا بۆ شاری ڤلادیڤۆستۆک، لەوپەڕی رۆژهەڵاتی رووسیا دەڕۆیشت.
 
هەفتەی پێشوو، کۆمپانیای خاوەن کەشتییەکە بڵاویکردەوە، کەشتییەکە خەریکی گواستنەوەی چەند کرێنێکە کە هەریەکەیان کێشیان 380 تۆنە.
 
کۆمپانیاکە رایگەیاند، ئەمە "هەوڵێکی دەوڵەتە بۆ گەشەپێدان و دروستکردنی بەندەر. گواستنەوەی کەلوپەلی قورسی لەمشێوەیە باشترە لە رێگەی ئاوییەوە بکرێت، کۆمپانیاکەشمان ئەو ئەزموونەی هەیە."
 
ساڵی 2022 ئەمریکا کۆمپانیای ئۆبۆرۆن لۆجیستیکا و کەشتییەکانی خستە لیستی سزاکانییەوە و رایگەیاند، "کۆمپانیاکە خزمەتگوزاری گواستنەوەی کەلوپەل بۆ کریمیا دابین دەکات کە لەلایەن رووسیاوە داگیرکراوە." ئەمە مانای ئەوەیە هەر رێکخراو و گرووپێکی ئەمریکی کار و مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە بکات، دەخرێتە لیستی سزاکانەوە.
 
هەواڵگریی سەربازیی ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا ئەو کەشتییەی بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە سووریا بەکاردەهێنا، ئەمەش لە رێگەی بنکە دەریاییەکەی رووسیا لە پارێزگەی تەرتووس لە سووریا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە