نەتەوە یەکگرتووەکان: جەنگ 27 ملیۆن هاووڵاتیی کۆنگۆی دووچاری برسێتی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

منداڵان لە گوندێکی نزیک شاری گۆمای کۆماری کۆنگۆ لە ئەفریقا دوای ئەوەی بەبۆنەی کریسمسەوە خواردنیان بۆ چوو، بە راوەشاندنی قاپەکانیان دڵخۆشی خۆیان بۆ ئەو خواردنە دەربڕی کە بۆیان ئامادەکرا.
 
جۆزێفین ریزیکی، ئاوارەی جەنگ دەڵێت، "جاران لە گوندەکەمان منداڵان بە باشی یادی کریسمسیان دەکردەوە، بەڵام ئەمساڵ بیرم لەوە کردەوە چۆن لەم ئاوارەییەدا بتوانن ئاهەنگ بگێڕین. خێرخواز هەبوون کە ئێمەیان لەبیربووە و دووبارە بزەیان خستەوە سەر لێومان."
 
نانخواردن، بەخشینەوەی دیاری، سەما و گۆرانی بەشێکی دیکەی چالاکییەکان بوون کە لەلایەن رێکخراوی رۆژێکی نوێی فەرەنسییەوە بۆ هاووڵاتییان ئامادە کراوە.
 
هاووڵاتییان لە شەڕی نێوخۆی وڵاتەکە بێزارن کە لە کانوونی دووەمی ساڵی رابردووەوە چڕبووەتەوە و بە هیوان کۆتایی بێت.
 
فوراها ناهۆروتاری، ئاوارەی جەنگ ئاماژە بەوە دەکات، "دەمانەوێت ساڵی نوێ بە شتی باش دەستپێبکەین. بە هیواین دووژمن گوندەکەمان (کیبومبا) جێبهێڵن تاوەکو ئێمەش ئەم کەمپە جێبهێڵین."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، جەنگ 27 ملیۆن هاووڵاتیی کۆنگۆی دووچاری برسێتی کردووە. پێنج ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتی، ئاوارە بوون و 520 هەزار پەناخوازیش لە وڵاتانی دراوسێوە روویان لێکردووە.
 
لە 25 ساڵی رابردوودا هەشت ملیۆن هاووڵاتیی سڤیل لە جەنگدا کوژراون و ساڵانە نزیکەی یەک ملیار و 800 ملیۆن دۆلار بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی لەو وڵاتە پێویستە.
 
دانیشتووانی کۆماری کۆنگۆ 92 ملیۆن کەسن و 95.8%یان کریستیانن، بەڵام بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووریی هاووڵاتییانەوە، تەنیا ژمارەیەکی کەمیان یادی کریسمس دەکەنەوە.