لە بۆکسینگ دەی، گەورە و بچووکی بەریتانیا روویان لە بازاڕەکان کرد
رووداو - لەندەن
بۆکسینگ دەی یان رۆژی داشکاندنە گەورەکە، گەورە و بچووکی لە بەریتانیا لە ماڵ هێناوەتە دەرەوە، چونکە تاکە رۆژی ساڵە، تێیدا کڕیار لە نرخ ناترسێت.
ئەمینە حەنووشی، کڕیارە لە لەندەن و دەڵێ "ئەمڕۆ بۆکسینگ دەیە، داشکاندن بۆ هەمووشتێک کراوە، منیش ئارەزوومە بازاڕبکەم و لەم رۆژەدا شتی تازە بکڕم".
پێچەوانەی ئەمینە، کارین دەڵێ "رقم لە بۆکسینگ دەیە، ئەو خەڵکە وا بازاڕ دەکەن. ئەمە شێتییە، وەک ئەوەی کەلوپەلەکانی دەیانکڕن بێ بەرامبەرن".
26ـی دیسەمبەری هەموو ساڵێک، کە رۆژی دوای کریسمسە، وەکو نەریتێکی ساڵانە، لە کاژێر 04:00ـی سەرلەبەیانییەوە ئاپۆرای خەڵک لە بەردەم بازاڕ و مۆڵەکاندا دەستپێدەکات. دیمەنەکان زۆرتر لە کەرنەڤاڵی کڕین دەچن.
جۆن دانکلەر، هاووڵاتییەکی بەریتانی دەڵێ "خەڵکی دەوڵەمەند لە بەریتانیادا نەماون لەبەر برێکزیت، ئێمە زۆر هەژارین، ئێستا تۆ بچیتە سێلفیجز کە بازاڕێکی زۆر جوانە، تەنیا خەڵکی چینی و عەرەب دەبینی، ئینگلیزی داماو پارەیان پێ نییە خەرجی بکەن، زۆر ناخۆشە".
پێشبینی دەکرێ تەنیا لە رۆژی بۆکسینگ دەیدا، بە بەهای چوار ملیار و 78 ملیۆن پاوەند کاڵا و کەرەستە و کەلوپەل بفرۆشرێ. لەکاتێکدا ساڵی رابردوو بە بەهای 4 ملیار و 12 ملیۆن پاوەند فرۆشرابوو.
بۆکسینگ دەی، فشارەکانی زۆرتر لەسەر شەقامی بەنێوبانگی ئۆکسفۆرد دروستکردووە، ئەو بازاڕەی لە رۆژانی ئاساییدا دەستکورت و نەداران، کەمتر بۆ پارەخەرجکردن رووی تێدەکەن.