رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزەکانی ئۆکراینا و 32 وڵاتی ئەندامی ناتۆ ئەمڕۆ سێشەممە لە برۆکسل کۆدەبنەوە، بۆئەوەی گفتوگۆ لەسەر بەکارهێنانی جۆرە مووشەکێکی نوێ لەلایەن رووسیاوە بکەن.
پێنجشەممەی رابردوو، وەکو تاقیکردنەوەیەک، رووسیا مووشەکێکی بە شاری دنیپرۆی ئۆکرایناوە نا، کە مووشەکێکی مەودا مامناوەندە و خێراییەکەی خێرایی سەرووی دەنگە.
مووشەکەکە بەرهەمی رووسیایە و ناونراوە ئۆرێشنیک. ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی ئەو وڵاتە رایگەیاند، یەکەمین جار بووە لە شەڕدا تاقیبکرێتەوە.
پووتین گوتی، بەکارهێنانی ئەو چەکە پێشکەوتووە وەڵامێک بووە بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەمریکی و بەریتانی لەلایەن ئۆکرایناوە بۆ هێرشکردنەسەر رووسیا.
سەرۆکی رووسیا هۆشداریی تووندی بە رۆژئاوا دا و گوتی، مۆسکۆ بە مافی خۆی دەزانێت هێرش بکاتە سەر پێگە سەربازییەکانی نێو ئەو وڵاتانەی رێگە بە ئۆکراینا دەدەن بە چەکەکانیان دەست لە رووسیا بوەشێنرێت.
ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر شاری دنیپرۆی بە "دوایین نیشانەی شێتبوونی رووسیا" وەسفکرد، داوای سیستمی بەرگریی ئاسمانیی کرد بۆئەوەی بتوانن بەرپەرچی هەڕەشە نوێیەکە بدەنەوە.
کیێڤ هیوا دەخوازێت لەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆدا "ئەنجامی کۆنکرێتی و واتادار" بەدەستبێت. کۆبوونەوەکە لەسەر داواکاریی ئۆکراینایە و ئێوارەی ئەمڕۆ لە بارەگەی هاوپەیمانییەکە لە برۆکسل دەکرێت.
بەڵام دیپلۆمات و بەرپرسانی ناتۆ پێشبینی ناکەن کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی ئەوتۆی هەبێت.
گەورەترین شت کە پێشبینی دەکرێت لێی بکەوێتەوە، ئەوەیە کە ناتۆ پێداگری خۆی دووپاتبکاتەوە لەسەر ئەوەی بەکارهێنانی چەکی نوێ لە لایەن رووسیاوە "نابێتە رێگر لە بەردەم بەردەوامبوونی پشتیوانیی ناتۆ بۆ ئۆکراینا."
بەرپرسێکی ناتۆ رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە "دەرفەتێکە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای ئەمنیی ئۆکراینا و تێیدا لە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە گوێ لە بەرپرسانی ئۆکراینا دەگیرێت."
زیادبوونی گرژییەکان لە ئۆکراینا لە کاتێکدایە کە تەمومژ داهاتووی پشتیوانیی رۆژئاوای بۆ ئۆکراینا گرتووە لە دوای ئەوەی کە ترەمپ دووبارە بە سەرۆکی ئەمریکای پێکهێنەری سەرەکیی ناتۆ هەڵبژێردرایەوە.
ترەمپ گومانی لەسەر بەردەوامبوونی پشتیوانیی سەربازیی گەورەی ئەمریکا بۆ کیێڤ کردووە و بەڵێنیداوە لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت.
رۆژی دوشەممە، رۆب باوێر، فەرماندەی باڵای ناتۆ گوتی: "نابینم لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا بێت رێگە بە پووتین بدات لەم دانوستاندنانەدا وەک سەرکەوتوویەک رزگاری بێت."
لە گۆڕەپانی جەنگدا، سەربازانی ئۆکراینا لە وەستاندنی پێشڕەویی هێزە رووسییەکاندا رووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە.
ناتۆ و ئۆکراینا ئەمساڵ ئەنجوومەنێکیان پێکهێنا کە رێگە بە کیێڤ دەدات هەر کاتێک بە پێویستی زانی، داوای کۆبوونەوە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ