کەشتییەک بە 13 سەرنشینەوە لە کەناراوەکانی یۆنان ژێرئاوکەوت

رووداو دیجیتاڵ

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، کەشتییەکی بارهەڵگر بە 14 سەرنشینەوە ژێرئاو کەوتووە و تائێستا 13 سەرنشینیان چارەنووسیان نادیارە.
 
پێنج کەشتیی بارهەڵگر، سێ کەشتیی پاسەوانی کەناراوەکان، هێلیکۆپتەر و هێزی دەریایی لە گەڕان بەدوای کەشتییەکە و سەرنشینەکانی بەردەوامن. بەرپرسانی دەریایی یۆنان دەڵێن، کەشتییەکە بەهۆی رەشەبا و شەپۆلی بەهێزەوە لە نزیک دوورگەی لێسبۆس لە یۆنان ژێرئاو کەوتووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، "کەشتییەک کە ئاڵای وڵاتی کۆمۆرۆسی ئەفریقای لەسەر بوو و 14 سەرنشینی هەڵگرتووە، بەهۆی رەشەبا و شەپۆلی بەهێزەوە لە نزیک دوورگەی لێسبۆس لە یۆنان ژێرئاوکەوت. یەک سەرنشین رزگارکراوە و چارەنووسی 13 کەسەکەی دیکە دیارنییە."
 
نیکۆس ئەلێکسیۆ، گوتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، "بە هێلیکۆپتەر سەرنشینێکمان رزگارکردووە و هێشتا لە شۆکدایە."
 
هەروەک بەرپرسان ئاشکرایان کردووە، "ئەو کەشتییە خوێی هەڵگرتبوو، لە میسرەوە بەرەو ئیستەنبوڵی تورکیا بەڕێوە بوو. کاپتنی کەشتییەکە کاژێر 08:00 بەیانی راپۆرتێکی لەبارەی بوونی کێشەیەکی میکانیکی لە کەشتیەکە ناردبوو."
 
کۆمپانیای کارپێکەری کەشتییەکە لە لوبنانە، بە میدیای یۆنانی راگەیاندووە، "کەشتییەکە 11 هاووڵاتیی میسری، 2 سووری و یەک هیندی هەڵگرتبوو."
 
بەگوێرەی بەرپرسانی دەریایی یۆنان، بەهۆی خراپیی کەشوهەوا؛ بەهێزیی رەشەبا و شەپۆلەکانەوە چەند رۆژێکە لە چەند ناوچەیەکی یۆنان جموجۆڵی کەشتییەکانیان راگرتووە.