خیرت ڤیڵدەرز: دەبمە سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی ئازادی هۆڵەندی، کە بە سیاستڤانێکی دژی ئیسلام و کۆچبەر ناسراوە و لە ئەوروپا بە "ترەمپی نوێ" بانگ دەکرێت، دەڵێت لە کۆتاییدا دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا، ئەمەش لەدوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان ئەو وڵاتە و بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان.
رۆژی شەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2023، خیرت ڤیڵدەرز، سەرۆکی پارتی ئازادی هۆڵەندا، لە پەیامێکی درێژدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ناڕەزایی بەرامبەر بە هەڵوێستی پارتەکانی دیکە نیشانداوە کە ئامادەنین هاوئاهەنگی لەگەڵ بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت و دەڵێت، ئامادەیە لەسەر هەندێ پرس نەرمی بنوێنێت، تاوەکو بگەنە رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە.
ڤیڵدەرز، نووسیویەتی، "ئەمڕۆ، سبەی و رۆژی دواتریش، پارتی ئازادی بەشێک دەبێت لە حکومەت و منیش سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە جوانە دەبم."
سەرەڕای بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی 22ـی تشرینی دووەم، هێشتا پۆستی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا بۆ ڤیڵدەرز یەکلا نەبووەتەوە و پێویستی بە لایەنەکانی دیکەیە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، چونکە پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 76 کوردسی هەیە، لە کاتێکدا پارتەکەی ڤیڵدەرز 37 کورسی بەدەستهێناوە.
رۆژی هەینی، 24ـی تشرینی دووەمی 2023، مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هۆڵەندا و سەرۆکی پێشووی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی، کە بۆچوونەکانی لەبارەی قەیرانی کۆچبەران لە هۆڵەندا نزیکن لە بۆچوونەکانی ڤیڵدەرز، رایگەیاند پارتەکەی بەهیچ شێوەیەک بەشداری حکومەت لەگەڵ ڤیڵدەرز ناکات.
بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە، دیلان یەشیلگۆز، کە خانمێکی کوردە، بەربژێری پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی بوو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵام بەگوێرەی هەڵبژاردنەکان، ئەو پارتەی 13 ساڵە لە دەسەڵاتە، ئەمجارە لە پلەی سێیەم هات و تەنیا 24 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
رۆژی 23ـی تشرینی یەکەم و رۆژێک لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی هۆڵەندا، فرانس تیمەرمان، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەوزەکان و پارتی کار، کە بەگوێرەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە، لە پلەی دووەم هاتن و 25 کورسیان بەدەستهێنا، رەتیکردەوە لەگەڵ ڤیڵدەرز حکومەت پێکبهێنێت.
هەروەها رۆژی شەممە، پیتەر ئۆمتیزاگ، سەرۆکی پارتی گرێبەستی سۆشیاڵی نوێ، کە بە نزیکترین کەس دادەنرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەگەڵ ڤێڵدەرز و بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، 20 کورسی بەدەستهێنا، رایگەیاند، پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ پارتی ئازادی کارێکی زەحمەت دەبێت، چونکە زۆربەی هەڵوێستەکانی ڤیڵدەرز، لەبارەی ئایین و ئازادییەکان پێچەوانەی دەستووری هۆڵەندان.