لە هۆڵەندا دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی بە ناوی کوردێکی دیاسپۆرانشین دەکرێتەوە

26-11-2022
وێنەی گەنجە کوردەکە
وێنەی گەنجە کوردەکە
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆرۆنا وەکو کاتەکانی سەرەتای پەیدابوونی مەترسی نەماوە لەسەر مرۆڤایەتی، بەڵام دەرهاویشتەکانی ئەو پەتایە هێشتاش لەسەر مرۆڤایەتی بەهێزەوە ئامادەیە. یەکێک لەوانەی لەسەردەمی کۆرۆنادا گیانی لەدەستدا، کوردێکی گەنجی دیاسپۆرانشین بوو لە هۆڵەندا. بەوبۆنەیەوە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی بە ناوی "کەڤین بەگیخانی" کرایەوە.
 
ئەو گەنجە ناوی کەڤین بەگیخانی بوو و، لە زانکۆی لایدنی هۆڵەندا خوێندبووی کە زیاتر لە 16 جار پرۆفیسۆر و قوتابییەکانی بە کارەکانیان خەڵاتی نۆبڵیان لە بواری جیاجیادا بردووەتەوە. وەک دایکی کەڤین دەڵێت، ئەو گەنجە بەو کارانەی لەم ساڵانەی دواییدا بۆ سەرنجڕاکێشانی نێوەندە ئەکادیمی و یاساییەکان بۆ دۆزی کورد کردوویەتی، سەرنجی ئەوانی بۆ توێژینەوەکانی لەوبارەیەوە راکێشاوە. 
 
پرۆفیسۆرێکی بەریتانی بەناوی جیل هەیگ کە کەڤینی ناسیوە، گوتوویەتی: "ئەستێرەیەکی رژاوبوو هات و هەموومانی رۆشنکردەوە، بەڵام بەخێرایی ئاوا بوو." 
 
هەروەها پرۆفیسۆر لۆرێنس فایجسیش کە کەڤینی لەنزیکەوە ناسیوە دەڵێت: "کەسێکی رۆمانسی بوو، شیعرناس بوو، فۆتۆگرافی و هونەردۆست بوو، ناخی جوان بوو." 
 
سیمۆن مینکس، سەرۆکی دەزگای کەڤین بۆ دادپەروەری لەبارەی ئەو گەنجەوە میوانی بەرنامەی دیاسپۆرابوو و رایگەیاند، "کەڤین دەیەویست مژاری چارەنووسی کورد و ئێزدییەکان بەزیندوویی بهێڵێتەوە." دەشڵێت، "دەمانەوێ خەڵاتێکی گرنگ بە ناوی کەڤین بۆ خوێندکارە سەرکەوتووەکان دروستبکەین."
 
دەقی چاوپێکەوتنی رووداو لەگەڵ سیمۆن مینکس، سەرۆکی دەزگای کەڤین بۆ دادپەروەری:
 
رووداو: بۆچی پێویست بوو دامەزراوەی کەڤین بۆ دادپەروەری دابمەزرێندرێ؟
 
سیمۆن مینکس: ئەمە زۆرتر بۆ نواندنی رێزە بۆ هاوڕێیەکم. گەنجێکی کورد بوو کە ساڵی 2017 لە دهۆک ناسیم. ئەو یەکجار زۆر سەرقاڵ بوو بەوەوە کە چۆن ئاشتی نەک هەر لە باکووری عێراق و بۆ ئێزدییەکان، بەڵکو لەسەر تەواوی گۆی زەوی بێتەدی. زۆر خەریکی بەرپرسیارێتیی یاسایی بوو. دامەزرێنەرانی دامەزراوەکەمان پێیانوایە ئەو شایانی ئەوەیە کە هەوڵبدرێ رێبازەکەی بە زیندوویی بهێڵدرێتەوە. بۆیەش دامەزرێندرا. بۆیە گوتمان ناکرێ مرۆڤێکی وا باش کە لە مێشکیدا ئەو لێکۆڵینەوە تایبەتانەی لەسەر ئاشتی و ئاسایش و بەرپرسیارێتییی یاسایی ئەنجامداوە، هەروا کۆتایی پێبێت، بۆیە گوتمان بەو شێوازە بیرەوەرییەکانی بەزیندوویی دەهێڵینەوە. 
 
رووداو: دەتانەوێ بیرەوەرییەکانی بە زیندوویی بهێڵنەوە کەواتە ئامانجێکیشتان هەیە و پلانی کۆنکرێتیتان هەیە بۆ ئەوەی ئەمە بکەن.
 
سیمۆن مینکس: بەڵێ، بەڵێ.
 
رووداو: واتە ئەوە نییە کە بتانەوێ شتێکی خۆش بکەن کە لە دەوری یەکدی کۆببننەو
 
سیمۆن مینکس: نا، نا.
 
رووداو: دەتانەوێ چی بکەن؟
 
سیمۆن مینکس: بێگومان دەبێ لەوەدا کە دەیکەین شوێنێک بدەینە ئەوەی لە جیهاندا روودەدات و چی لەو بەشەی جیهان روودەدات. واتە ئەگەر بکرێ وا ناوی لێبنێم: چی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدات. چارەنووسی گەلی کورد، هەروەها بۆنموونە چارەنووسی ئێزدییەکانیش، ئەو شتانە بوو کە کەڤین پێیانەوە خەریک بوو. ئەوەی ئێمە دەمانەوێ پێی دەستپێبکەین، واتە ئەمە دەستپێکە، ئەوەیە کە خەڵاتێک بدەینە قوتابیان بۆ نامەیەکی دەرچوونیان یان توێژینەوەیەکیان یان نووسینێکیان کە لەگەڵ رێبازی ژیانی کەڤین دەگونجێ. واتە دەگونجێ لەگەڵ ئاشتی و ئاسایش و بەرپرسیارێتیی یاسایی. دامەزراوەکەمان بەمە دەستپێدەکات، بۆ ئەوەی بەزیندوویی بیهێڵینەوە و لێرە خەڵاتەکە دابەش دەکەین. هیوادارین دواتر ئەمە کاریگەریی هەبێ لە باکووری عێراق و شوێنەکانی دیکەش. 
 
رووداو: ئێوە لە ژیانی کاریتانیدا خەڵکێکی زۆرتان ناسیوە، چی کەڤین جیادەکاتەوە و وادەکات بەشداربیت لە پڕۆژەیەکدا کە بە ناوی ئەو کراوە؟
 
سیمۆن مینکس: بیهێنە پێش چاوی خۆت، کاتێک ساڵی 2017 کەڤینم ناسی، جلوبەرگی کوردی پۆشیبوو. لە کۆبوونەوەیەکدا بوو سەبارەت بە تاوانەکانی دژی ئێزدییەکان لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک. ئەو لەوێ پانێلێکی بەڕێوەدەبرد. گەنجێکی زۆر سەرنجڕاکێش بوو. بیرۆکەی یەکجار زۆری هەبوون. کاریزماشی هەبوو. هەرچەندە گەنج بوو، بەڵام لە روانگەی منەوە تەواو کەسێکی کوردەوارییانە بوو. زۆر جوان بوو! بە بیرۆکە و تێڕامانەکانی لەوێ بوو. دواتر لێرە لە هۆڵەندا یەکدیمان بینییەوە و دۆستایەتی دروستبوو لەنێوانماندا. زۆر جار سەبارەت بە بەرپرسیارێتیی یاسایی قسەمانکرد، باسی ئاشتی و کێشەکانی جیهانمان و ئەوەمانکرد کە چۆن بتوانیت بەشدارییەکی ئەرێنیت لەوەدا هەبێت. بەڕاستیش بەشداریی ئەرێنی هەر ئەوەیە کە کەڤین کێشاویەتی. کاتێک بیر لەو بکەیەوە بیر لە بەشداریی ئەرێنی دەکەیتەوە. بیر لەو خواست و پاڵنەرە دەکەیتەوە کە وای لەو دەکرد بەشدارییەکی ئەرێنیی لە جیهاندا هەبێت، بۆیە پێمان وایە ئەمە پێویستی بەوەیە دەزگایەکی بۆ دابمەزرێ. 
 
رووداو: سەبارەت بە دادپەروەری، کەسێکی ئایدیاڵیست بوو یان پراگماتیست بوو؟
 
سیمۆن مینکس: رەنگە هەردووکیان بووبێت. بەدڵنیاییەوە ئایدیاڵیستیش بوو. هەڵبەت ئەو مێژووی کوردستانیشی لەکۆڵنابوو. لەوبارەیەوە گومانم نییە و زۆر جار لەسەر ئەوە پێکەوە قسەمانکردووە. باسی ئەوەشمانکردووە کە ئەو مەسەلەیە لەڕووی جیۆپۆڵەتیکییەوە چەندە ئاڵۆزە، بەڵام کوڕێکیش بوو کە بیری لە چارەسەرەکان دەکردەوە. دەیەویست مژاری چارەنووسی کورد و ئێزدییەکان بەزیندوویی بهێڵێتەوە. لێرە لە زانکۆی لایدن پێشانگەیەکی گەورەی بۆ هەڵەبجە کردەوە. دەزانی بیرەوەریی مرۆڤایەتی زۆر خراپە! زوو شتمان لەبیردەچێ.
 
رووداو: وایە.
 
سیمۆن مینکس: بەڵام ئەگەر پێشانگەیەک بتوانی رێکبخەی کە ئەو کردی و بێگومان پێشانگەیەکی شتی خۆشیش نەبوو، بەڵکو پێشانگەی شتی ناخۆش بوو، بەڵام هیوادار بوو خەڵک بەخەبەربهێنێت و ئەو بیرەوەرییە بەزیندوویی بهێڵێتەوە. ئەوە کەڤین بوو!
 
رووداو: باسی هەڵەبجەتان کرد. ئێوە رۆڵێکی گەورەتان گێڕا لە سزادانی فرانس فان ئانرات لە هۆڵەندا. بێگومان کورد پێیدەزانن کە ئەمەتان کردووە، بەڵام زۆر کەس دەڵێن بەهۆی ئەوەی فان ئانراتەوە ئیدی ئەوە لەیادکرا کە لە هەڵەبجە روویدا. ئێوەش وای دەبینن کە دوای ئەوە، هەڵەبجە کەمێک لەبیرکرا؟
 
سیمۆن مینکس: ئەوە شتێکی باش نابێ.
 
رووداو: نا.
 
سیمۆن مینکس: هەر بۆ روونکردنەوە و بۆئەوەی رۆڵی من گەورەتر نەکرێ لەوەی کە بووە. من یەکێک بووم لە داواکارانی گشتی (فرێد تێیفن)یش رۆڵی گرنگی لەوەدا گێڕا. من لە دادگەی تێهەڵچوونەوە لەگەڵ هاوکارانم رۆڵم گێڕا. من وا بیرناکەمەوە کە بەهۆی ئەو دۆزەوە.. بیرتبێ ئەوە تەنیا دۆزی سزاییە لە دەرەوەی عێراق سەبارەت بە هەڵەبجە بەڕێوەچووبێ. بڕواناکەم بەهۆی ئەو دۆزەوە ئەوەی لەوێ روویدا و چارەنووسی خەڵکەکە بەهۆی ئەو دۆزە سزاییەوە لەبیرکرابن، چونکە ئەو دۆزە سزاییە هێندە گرنگ بوو کە هێشتاش لە زانکۆکانی هۆڵەندا و دەرەوەی هۆڵەندا قسەی لەسەر دەکرێت. من بۆخۆم هەموو هەفتەیەک لەو دەرسانەی لە زانکۆکان دەیدەمەوە یان دەیدەمە کەسانی پرۆفێشنەڵ ئەو دۆزە بەکاردەهێنم. دەمەوێ بەوەش بیرەوەرییەکە بەزیندوویی بهێڵمەوە. من هاوڕێم هەن کە خەڵکی ئەوێن. ئەو شتانەی ئەوان باسی دەکەن سەبارەت بەوێ ئێستاش کاریگەریی قووڵم لەسەر دادەنێن. زۆریش شانازی بەوانەوە دەکەم کە لەوێوە هاتوونەتە هۆڵەندا یان هەر شوێنێکی دیکە و ژیانێکی نوێیان دەستپێکردووەتەوە. 
 
رووداو: منیش مەبەستم ئەوەیە کە دەبێ هەموو هەفتەیەک هەوڵبدەیت ئەو بیرەوەرییە بە زیندوویی بهێڵییەوە. ئەمە بەو مانایەیە کە چیدیکە باسی هەڵەبجە ناکرێ و کەسی دیکەی وەک فان ئانرات بە بەرپرسیار زاندراوە لەو دۆزەدا.
 
سیمۆن مینکس: دەزانی چۆنە، من ناتوانم هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکەم کە ئێستا عێراق چۆنە. کاتێک یەکەمجار چوومە ئەوێ، قسەم لەگەڵ قوربانییان کرد. بۆ ئەوە چووم کە رێزی خۆم پیشانی قوربانییان بدەم، بەڵام لەگەڵ پارێزەرانیش قسەمکرد. بەوانم گوت ئێوە دەبێ هەوڵبدەن حکومەتی ناوەندی بکەنە بەرپرسیاری یاسایی لەوەی کە روویداوە, چونکە سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجید و ئەو حکومەتە بەرپرسیاری یاسایی بوون لەوەی کە لەوێ روویدا. ئەمەش پێویست نییە تەنیا لەڕووی دادگەی تاوانەکانی عێراقەوە بێت، بەڵکو دەکرێ لەڕووی دادگەی سیڤیلیشەوە بێت. وابزانم وردە وردە هەندێک پرۆسە دەستیانپێکراوە. ئەمەش هەمیشە زۆر لەسەرخۆ بەڕێوەدەچن، بەڵام ئەو قسەیەی ئێوە دەڵێن زۆر کەس نازانێ لە هەڵەبجە چی روویداوە، راستە و زۆر کەس بیریان نەماوە یان نایانەوێ بیریان بمێنێ. لەنێوان ئەم دووانەدا جیاوازی هەیە. خەڵک هەن نایانەوێ شتی ناخۆشیان بیربخرێتەوە. بۆنموونە ئێمە ئێستا لە ئەوروپا دەبینین کە شەڕ هەیە لە ئۆکراینا، بەڵام خۆ شەڕی دیکەش لە ئەسیوپیا و یەمەن هەن و خەڵک زۆر کەم باسیاندەکەن. خەڵک دەیانەوێ خەریکی ژیانی خۆیان بن. 
 
رووداو: بەڵێ، کەواتە پێتوایە دۆزی هەڵەبجە چانسی ئەوەی ماوە کە لە دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکان لە لاهای دۆزی بۆ بکرێتەوە، یان تازە درەنگ بووە؟
 
سیمۆن مینکس: پێموایە بەشێک لە دۆزی هەڵەبجە، لەگەڵ دۆزی ئەنفال لە دادگەی تاوانەکانی عێراقدا کاری لەسەر کرا. هەرچەندە ناتوانم بەتەواوەتی بیڵێم، بەڵام بڕواناکەم چانسی کردنەوەی دۆزی یاسایی تاوانەکانی مابێت، بەڵام ئەمە وابزانم هیچ لەوە کەمناکاتەوە کە لەڕووی یاسای سیڤیلەوە دەکرێ هێشتا شت بکرێت، بۆیە لەخۆم دەپرسم تۆبڵێی نەکرێ لە نێوەوەی عێراق دۆز بکرێنەوە؟ چونکە هێندەی بزانم قوربانییانی هێرشە کیمیاوییەکان، هەڵبەت هەر لە هەڵەبجە نا، بەڵکو لە زۆر شوێنی دیکەش کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە چەکی کیمیاوی لێیاندراوە، یەک سەنتیشیان وەک قەرەبوو وەرنەگرتووەتەوە.    
 
رووداو: راستە. ئێوە کارتان لەسەر سزادانی چەکدارانی داعش و جەبهەتولنوسرە کردووە، کە گەورەترین پرۆسەی بەدواداچوونی یاسایی بووە لە هۆڵەندا و ناوی پڕۆژەکە کۆنتێکست بوو، بەڵام زۆرجار گوێم لە رەخنە دەبێ لە یاساکانی هۆڵەندا و ئەوروپا و حکومەتەکانی ئێرە کە دەڵێن هەندێکجار خاو و نەرمن لەو جۆرە دۆزانەدا، بۆ ئێوەش وابوو و ئەو یاسایانە بەربەست بوون تاوەکو لێبڕاوانە لەسەر ئەو کەیسانە کاربکەن؟
 
سیمۆن مینکس: نا، یاساکانمان بەربەست نین. مەسەلەکە کۆمەڵێک شتە. یەکەمیان ئەوەیە کە بەڵگەی تەواوەتی پێویستن، بەڵام بۆنموونە من راوێژکاری یاسایی دامەزراوەی یەزیدییەکان (یەزیدی فاوندەیشن)م کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە. ئەوان پێمدەڵێن: (مینکس تۆ رێگە ئاسانەکە هەڵدەبژێریت، کە بریتییە لە تۆمەتبارکردنە بە ئەندامێتی لە رێکخراوێکی تیرۆریستیدا)، بەڵام بۆ ئێزدییەکان شتەکە لەمە زیاترە و بریتییە لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تەنانەت جینۆسایدیش. وەکچۆن دوو جار لە ئەڵمانیا دادگە وا ناساندی. ئەوەی ئێمە دەیکەین ئەوەیە کە هەردوو شتەکە پێکەوە دەکەین، چونکە کاتێک گومانلێکراوێک هەبێ، زۆربەی جار، نەک هەموو جار، ئاسانترە لەڕووی یاساییە بیسەلمێنیت ئەندامی رێکخراوێکی تیرۆریستییە، وەک ئەوەی بیسەلمێنیت کە تاوانی دژی مرۆڤایەتی یان جینۆسایدی ئەنجامداوە. ئێمە هەوڵدەدەین هەردوو لێپێچینەوە یاساییەکە پێکەوە بکەین. 
 
ئێوە پێویستە ئەو راستییە بزانن کە ئەگەر دۆز بۆ تاوانەکانی جەنگ یان تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی یان جینۆساید بکەیتەوە کاتی یەکجار زۆرتری پێدەچێ لەوەی کە دۆز بۆ ئەندامێتی لە رێکخراوێکی تیرۆریستیدا بکەیتەوە. کەواتە دەبێ هەمیشە پشوودرێژ بیت. هەرچەندە دەبێ پشووت درێژ بێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە شتەکە ناکرێت. یاساکانی هۆڵەندا کێشەیان نییە و هۆڵەندا بەشدارە لە کۆمەڵێک رێكکەوتننامەی یاسایی نێودەوڵەتیدا، بەڵام وەک گوتم پێویستە بەڵگەی تەواوەتی هەبن و کاتی پێویستیش هەبێ، چونکە ئەگەر وەک داواکاری گشتی لەسەر دۆزێکی وا کارتکرد، دەبێ هەموو کاتی خۆتی بۆ تەرخان بکەی و تەنیا خەریکی ئەوە بیت. 
 
رووداو: بەڵام ئەگەر کات بڕوات کێ دەکەیتە بەرپرسیاری یاسایی، چونکە ئەوەی ناوی خەلافەتە نەماوە، تاوانکارە گەورەکانی داعشیش کوژراون؟
 
سیمۆنن مینکس: لەوە دەستپێدەکەین کە ئەو گومانلێکراوەی لێرە لە هۆڵەندایە دەکەینە بەرپرسیاری یاسایی ئەوەی روویداوە. بێگومان ناتوانیت گومانلێکراوێک بکەیتە بەرپرسیار لە هەموو ئەو شتانەی روویانداوە، بەڵام دەبێ لەوێوە دەستپێبکەین. ئەمە هەنگاوی یەکەم دەبێ و دەکرێ واشی لێبێ کە قەرەبووکردنەوەی ماددیش بڕیاری لەسەر بدرێ، بەڵام شتەکە بەڕاستی زەحمەتە. هەرچەندە ئێستا بۆنموونە لە فەرەنسا کۆمپانیایەک دادگە بە بەرپرسیاری زانی و رەنگە سزاش بدرێ، چونکە دەڵێن مامەڵەیان لەگەڵ داعش و دەوڵەتی ئیسلامی کردووە لەسەردەمی ئەوەی ناوی خەلافەت بوو. کەواتە کەس لە لێپێچینەوەی یاسایی رزگاری نابێ، ئەگەر ئیرادە و کەرەستەی پێویست و پشوودرێژی هەبێ! 
 
رووداو: هەندێک پەرلەمانی ئەوروپی دانیان بە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا ناوە، ئەمە بەهایەکی یاسایی بۆ ئێوە هەیە یان پێتانوایە شتەکە زۆرتر سیاسییە؟
 
سیمۆن مینکس: بە پلەی یەکەمە شتەکە سیاسییە و من سیاسەتمەدار نیم. سەبارەت بەوەش کە سەدام و عەلی حەسەن مەجید لەدژی کورد کردیان [لە دۆزی فان ئانرات] ئێمە گوتمان ئەوە جینۆسایدە و بەڵگەی یەکجار زۆریشمان بۆ ئەمە هەبوو. دادگەش هەر وا حوکمی لەسەردا، بەڵام دادگەی باڵا پێیوابوو شتەکە (زۆر سەخت و رێگەیەکی دوورە). ئەوکات دادگەیەکی باڵای دیکە یان دادگەی دادی نێودەوڵەتیش نەبوو کە هەمان شت بڵێت، ئەگەر سیاسییەکان بڵێن ئەوەی روویداوە جینۆساید بووە، هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی باشدا، بەڵام لەڕووی یاساییەوە یەکلاییکەرەوە نییە. لەڕووی یاساییەوە ئەوکاتە یەکلاییەکەرەوە دەبێت ئەگەر دادوەرێکی ئەمە بڵێت. باشتریشە دادگەیەکی نێودەوڵەتی یان دادگەی باڵا ئەمە بڵێت. 
 
رووداو: زۆر باشە، کەواتە وەک لە قسەکانتان تێگەیشتووم، ئێوە گەشبینن کە لە ئایندەدا ئەوەی بەسەر ئێزدییەکان هاتووە لەسەر ئاستی یاسای نێودەوڵەتیش وەکو جینۆساید دانی پێدادەنرێت؟
 
سیمۆن مینکس: کۆمەڵێک دامەزراوەی ئێزدی بەسەختی کار لەسەر ئەوە دەکەن کە دادپەروەری بەدەستبهێنن. دەیانەوێ ئەگەر گومانلێکراوێک هەبێ کە هێشتا لەژیاندایە دادگایی بکرێت و بایەخ بەو دۆزە بدرێت. دەبێ بەڕاستی ئەوە بڵێم کە پشوودرێژییەکی یەکجار زۆری دەوێت، چونکە نامەوێ شتەکە زۆر ئاسان بکەم و دەزانم پشوودرێژی دەوێت، بەڵام راستە گەشبینم. گەشبینم بەوەی کە ئێزدییەکان لە ئەوروپا و شوێنەکانی دیکە دادپەروەرییەکی زۆرتر دەبینن بۆ ئەو شتە کارەساتبارانەی لەسەر دەستی داعش بەرامبەریان کراون. 
 
رووداو: پێویستە دامەزراوە کوردییەکان و کەسوکاری قوربانییانیش چی بکەن بۆئەوەی ئەو پرۆسە یاساییە خێراتر یان ئاسانتر بکەن؟
 
سیمۆن مینکس: پێش هەموو شتێک پێموایە ئەوە شتێکی باشە کە یاساکانی عێراق لەو بوارەدا باشن. واتە یاساکانیان وا داناوە کە بۆخۆشیان دەتوانن ئەگەر ئەو کەسانە هێشتا لە عێراق و دەوروبەری بن رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی بکەن. هیوادارم و دڵنیاشم کە بە شێوەیەکی باش بەڵگەکان کۆدەکەنەوە و دەپارێزن. هەڵبەت ئەمە هەر بۆ ئەوە نییە کە بەرامبەر ئێزدییەکان روویدا، بەڵکو شیعە و کریستیانەکان و هەموو ئەوانەی دیکەشە کە قوربانیی داعشن و پێشتریش ئەوەی کە بەسەر کوردەکان هاتووە لەکاتی هێرشە کیمیاییەکاندا. من هێشتا نائومێد نەبوومە و هیوادارم ئەوە بە چاوی خۆم ببینم کە دانپێدانانی زۆرتر هەبێ بۆ ئەو ئازارەی حکومەتی ئەوکات بۆ خەڵکی خۆی دروستیکرد. 
 
رووداو: کەواتە بەڵگە کۆکردنەوەی باشتر.
 
سیمۆن مینکس: بەتایبەتی بەڵگە کۆکردنەوەی باشتر.
 
رووداو: ئەمە تاوەکو ئێستا بەباشی نەکراوە؟
 
سیمۆن مینکس: با، بەڵگە هەن. پێشتر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنێکی سویسری گوتم بەڵگەی یەکجار زۆر هەن، بەڵام زۆر پەرش و بڵاون و دەبێ لەولا و لەولا بدۆزرێنەوە. بۆیە ئەوە ئاڵنگارییەکە بۆ ئێمە وەکو داواکارانی گشتی. داتا بەیسی جۆراوجۆر هەن، وەکو تریپل ئای ئێم. هەڵبەت ئەمانە دەستەواژەی تەکنیکین. هەروەها دامەزراوەی نێودەوڵەتیش هەن کە بەڵگەکان کۆدەکەنەوە و هەڵیاندەسەنگێنن بۆئەوەی بزانن تەواون و بەکاردێن یان نا. ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە دەیکەین. دەبێ رێگەکەمان بەرەو بەڵگەکان بدۆزینەوە. بەڕاستی بەڵگەی یەکجار زۆر هەن، بەڵام دەبێ کۆبکرێنەوە. 
 
رووداو: ئەگەر باسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بکەین، تیرۆریزم هێشتاش هەیە. داعش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چالاکە. رەنگە لە ئەوروپا وانەبن و هێشتا لە ئەمریکاش چالاک نین، بەڵام نازانین چی روودەدات. وەک حکومەتی هۆڵەندا هاریکاریی باشتان لەو بوارەدا لەگەڵ حکومەتی کوردستان و حکومەتی رۆژئاڤا لە سووریا هەیە؟
 
سیمۆن مینکس: بۆ من زەحمەتە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکەم، چونکە هاوکاری دیکەمان هەیە لەنێو وەزارەتی ناوخۆ کە دۆسێی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و دادەوە بەڕێوەدەبات. بێگومان لایەنی فەرمیی پەیوەندیی ئێمە حکومەتە لە بەغدا، بەڵام بۆخۆم بە شەخسی هیچ پەیامێکی وام وەرنەگرتووە کە شتێک لە پەیوەندییەکاندا باش بەڕێوەنەچێت. بەشێوەی تایبەتیش لەگەڵ باکووری عێراق. من ئەو پەیامەم وەرنەگرتووە. 
 
رووداو: ئەگەر بێینەوە سەر مژاری کەڤین. بەتەمان خەڵاتێک دابەش بکەن. ئەمە کەی روودەدات و خەڵاتەکەش چییە؟
 
سیمۆن مینکس: ئەمە پرسیارێکی چاکە. ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە زۆر زوو توانیمان دەزگاکەمان دابمەزرێنین. ئێستا دەچین پێکەوە قسەدەکەین کە کەی خەڵاتەکە رابگەیێنین. هەڵبەت نابێ لە پشووی هاویندا ئەمە بکەین، چونکە زانکۆکان دادەخرێن. دەبێ ئەوکاتە بیکەین کە قوتابیان کاتیان هەبێ تێکستە زانستییەکەیان بنووسن کە بەشداریی کێبڕکێی پێدەکەن. ئەمە دواتر قسەی لەسەر دەکەین. گرنگ ئەوەیە ئێستا هەنگاوی یەکەممان هاویشتووە بۆ بیرهێنانەوەی کەڤین. ئەوەی کە هەمووان بزانن کە ئەو بڕوای بە چی هەبوو و ئێمە بڕوامان بە چییە. هەوڵدەدەین پڕۆژەیەکی جوانی لێ دروستبکەین. 
 
رووداو: زۆر سوپاس. سەرکەوتووبن. 
 
سیمۆن مینکس: شایانی نییە و سوپاس بۆ ئێوەش.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەلبانیا دەڵێت، تیکتۆک دەبێتە هۆی تووندوتیژی لە وڵاتەکەی. وێنە: Reuters

حکومەتی ئەلبانیا بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک رادەگرێت

سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاند، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و هەراسانکاری، بۆ ماوەی ساڵێک خزمەتگوزارییەکانی تیکتۆک رادەگرن. دەشڵێت، کۆمپانیاکە جیاوازی لەو بابەتانە دەکات کە پێشانی منداڵانی وڵاتەکەی لەگەڵ منداڵانی چینی دەدات.