ژنێکی ئەمریکی 15 هەزار دۆلار دەداتە هەر کەسێک قەلەکەی بۆ بدۆزێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی جەژنی سوپاسگوزاری، خەڵکی ئەمریکا وەکو نەریتی ساڵانە دەستیان بە کڕینی قەل کردووە. ئاریانا هیومەرهاس لە مانگی ئابەوە قەلەکەیان بردووە و 15 هەزار دۆلار وەکو پاداشت دەداتە هەر کەسێک قەلەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە.
 
ئاریانا هیومەرهاس لە شاری سانتا کروز سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیا دەژی، ئەو کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەری هەیە، چەند مانگێک پێش جەژنی سوپاسگوزاریی لەلایەن شێڵتەرێکی سانتا کروزەوە دەست بەسەر بەشێك لە پەلەوەرەکانیدا گیرا. 
 
قەلەکەی ئاریانا ناوی کالەیە، ئەو قەلەکەی زۆر خۆشدەوێت بۆیە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی پێش رۆژی سوپاسگوزاری بیدۆزێتەوە. کالەی بەوە دەناسرێتەوە کە پەڵەیەکی رەش لەسەر سنگی هەیە، ئاریانا پێیوایە کالەی لە باکووری کالیفۆرنیایە و دەڵێت: "ئەگەر تاوەکو ئێستا کالەی زیندووبێت، ئەوا ژیانی لە مەترسیدایە، چونکە لە جەژنی سوپاسگوزاری نزیکدەبینەوە و رەنگە سەری ببڕن".
 
پێشتر کێڵگەی پەلەوەرەکەی ئاریانا بە نایاسایی دەستی بەسەر 300 باڵندەدا گرت، کە یەکێکیان کالەی بوو. لەبەر ئەوە لە مانگی ئابدا شێڵتەرێکی سانتا کروز دەستی گرت بەسەر بەشێک لە پەلەوەرەکانی کێڵگەکە. دوای بەدواداچون بۆ رووداوەکە ئاریانا مافی بەخێوکردنی باڵندەکانی وەرگرت و باڵندەکانی گەڕاندەوە کێڵگەکە جگە لە کالەی.
 
کالەی بەچکەیەکی هەیە و ئێستا ئاریانا بەخێوی دەکات، ئەوەش وادەکات زیاتر پەرۆشی دۆزینەوەی کالەی بێت، تاوەکو دایک و بەچکەکەی بە یەکدی شادبکاتەوە.
 
بەپێی ئەو خەڵاتەی بۆ دۆزینەوەی کالەی دانراوە، کالی دەبێتە یەکێک لە گرانبەهاترین قەلەکان لە ئەمریکای باکوور، بەڵام ئاریانا هیواخوازە ئەو خەڵاتە گەرەنتی گەڕاندنەوەی کالەی بکات، لەبارەی ئەو بڕە زۆرەی وەکو خەڵات دیاری کراوە جێری فریدمان، پارێزەری کێڵگەکە دەڵێت: "ئەو بڕە پارە زۆرە وەکو پاداشت کە ئەوەش ئەوە دەگەیێنێت کە چەندە گرنگی بە دۆزینەوەی کالەی دەدەین، و نامانەوێت لە جەژنی سوپاسگوزاری بکوژرێت".