ئەمریکا بۆ ئێران: هێرشەکانت بۆسەر ئیسرائیل بوەستێنە و وەڵام مەدەرەوە

26-10-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوا لە ئێران دەکات وەڵامی هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئیسرائیل نەداتەوە.
 
رۆژی شەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2024 شۆن سیڤیت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن گوتی، "داوا لە ئێران دەکەین هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بوەستێنێت، بۆئەوەی ئەو زنجیرە هێرش و هێرشکارییە بەبێ تێکچوونی دۆخەکە کۆتاییان بێت."
 
لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران سیڤیت گوتی، "وەڵامەکەی ئیسرائیل لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردن بوو. ئیسرائیل خۆی لە هێرشکردنە سەر ناوچە سڤیلنشینەکان بەدوور گرت و ئامانجی بوو هێرش بکاتە سەر پێگە سەربازییەکان."
 
سیڤیت رەتیکردەوە ئەمریکا بەشداریی لە هێرشەکەدا کردبێت و گوتی، "ئامانجی ئێمە ئەوەیە دیبلۆماسی بەرەوپێش ببەین و دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێور بکەینەوە."
 
هاوکات بەرپرسێکی ئیدارەی بایدن بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ئەندامانی تیمی ئاسایشی نیشتمانی "لە چەند هەفتەی رابردوودا هانی ئیسرائیلییەکانیان داوە کە لەکاتی وەڵامدانەوەی ئێران کەمترین زیان بە هاووڵاتییانی سڤیل بکەوێت."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل چەند پێگەیەکی لەنێو ئێران بۆردوومانکرد و سوپای ئیسرائیل گوتی، لە هێرشەکەدا چەندین دامەزراوەیەکی تایبەت بە دروستکردنی درۆنیان کردووەتە ئامانج، هۆشداریشی بە ئێران دا کە ئەگەر وەڵامی هێرشەکە بداتەوە، "باجێکی قورس دەدات."
 
گرژیی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد.
 
رۆژی 13-04-2024 ئێران ژمارەیەک درۆن و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. ئەوە یەکەم هێرشی راستەوخۆی ئێران بوو بۆ سەر ئیسرائیل.
 
رۆژی 01-10-2024یش ئێران بە نزیکەی 200 مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە