رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا چەندجارێک کرانە ئامانج. یەکێک لە هێرشەکان بۆسەر بنکەی تەنەفی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بوو، کە گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هێرشەکەی لەئەستۆ گرت.
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، "لە هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماسەوە، هەڵوێستی ئێمە روون بووە کە ئێمە نامانەوێت بارودۆخەکە لە ئیسرائیل بۆ ململانێیەکی فراوانتری ناوچەیی بگۆڕدرێت. هەر وەکو گوێتان لە سەرۆک بایدن، وەزیری بەرگری و گەورە بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا بوو، کە پەیامی ئێمە بۆ هەر وڵاتێك یان گرووپێک کە بیر لەوە دەکەنەوە هەوڵ بدەن بارودۆخەکە بقۆزنەوە بۆ گەورەترکردنی ململانێکە، پێیان دەڵێین، ئەو کارە مەکەن."
وڵاتانی زلهێز ترسیان هەیە جەنگەکەی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لە کەرتی غەززە، پەل بۆ ناوچەکانی دیکە بهاوێت.
رۆژی 24ی تشرینی یەکەم، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، لە رۆژانی 17 تاوەکو 24ی ئەم مانگە، 13 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا.
لەگەڵ دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لە 7ی تشرینی یەکەم، سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە، 24 سەربازیان لەو هێرشانەدا بە سووکی بریندار بوون؛ 20یان لە سووریا و چواریان لە عێراق. بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە بنکەی عەین ئەسەدی عێراقی گیانی لەدەستدا لەدوای ئەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لە بنکەکە لێیدابوو.
فڕۆکەکانی ئیسرائیل چوار جار فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەلەبیان لە سووریا کردووەتە ئامانج. ئیسرائیل دەڵێت، ئەو هێرشانە وەکو وەڵامێکە بۆ چەند مووشەکێک کە لە سووریاوە ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان کراون؛ لە هێرشەکەی 25ی مانگ، هەشت سەربازی سووریا کوژراون.
پێنتاگۆن رایگەیاندووە، لە ئەگەری تێکچوونی دۆخەکە 2000 مارێنز لە ئامادەباشین بۆئەوەی رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکرێن.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "بەردەوام لەگەڵ سەرکردەی ناوچەکە لە پەیوەندیدام و سەرنجی هەنووکەییمان لەسەر چەند پرسێکی سەرەکییە، ئەویش ئەوەیە کە نابێت رێگەبدەین ناکۆکییەکە فراوانتر ببێت."
سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە، دوو کەشتیی جەنگی و ژمارەیەک فڕۆکەی ئەی 10 و ئێف 15 و ئێف 16شی رەوانەی دەریاکانی نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل کردووە، کە ئامانجەکەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ