کۆچبەرانی کەمپی کالێ بەسەر حەوت هەرێمی فەرەنسا دابەشدەکرێن
رووداو - کالێ
بە بڕیارێکی حکومەتی فەرەنسا پرۆسەی تێکدانی کەمپی کالێ دەستیپێکردووە و کۆچبەرەكانی بەسەر حەوت هەرێمی فەرەنسا دابەشدەکرێن.
بڕیارە لە چوارچێوەی پرۆسەی تێکدانی کەمپەی كالێ، کە هاوکات بە "دارستانەکانی کالێ"ـش ناسراوە، زیاتر لە 8100 کۆچبەر بەسەر شار و شارۆچکەکانی فەرەنسا دابەشبکرێن.
بڕیارە سەرجەم کۆچبەرانی کەمپی کالێ لە رێگەی 60 پاسەوە بەسەر 7 هەرێمی فەرەنسادا دابەشبکرێن، بەوەش ئەو پردەی کە لە ساڵی 1999ـەوە کۆچبەران ویستویانە لە رێگەیەوە بە نایاسایی بچنە بەریتانیا بڕووخێندرێت.
کۆچبەرانی کەمپەکە بە پاس بەرەو هەرێمەکانی دیکەی فەرەنسا دەگوازرێنەوە. ئەگەرچی بڕیارەکەی حکومەتی فەرەنسا بە دڵی کۆچبەران نییە، بەڵام کۆچبەر ەکانی کالێ جگە لە شوێنکەتنی بڕیارەکە، هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە.
حەیدەر شەریف، کۆچبەر دەڵێت "شوێنێکی دیکە، هیچ دەرفەتی چوون نییە، هەموو رێگاکان لێرە لە فەرەنسا داخراون. ئێستا هەرچۆنێک بێت لە فەرەنسا دەمێنمەوە، بەڵام رەنگە دواتر لە دەرفەتێکدا بچمە شوێنێکی دیکە، جارێ هیچ نازانم".
بەدەر لە ناڕەزایی کۆچبەران لە دژی بڕیارەکەی کۆشکی ئیلیزێ، هاوکات خەڵکی هەرێمەکانی فەرەنساش دژی ئەو گواستنەوەیەن و بۆچوونیان وایە بە جێگیرکردنی کۆچبەران لە ناوچەکانیان کێشە بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان درووستدەبێت.
کالێ:
- لە هەرێمی ئودو فرانسە
- دەکەوێتە باکووری فەرەنسا
- رووبەرەکەی 33.5 كیلۆمەترە
- ژمارەی دانیشتووانی 72589 کەسن
- ساڵی 1999 کەمپی کۆچبەران دروستبوو