سەرۆکی مەسەدۆنیای باکوور بۆ رووداو: منداڵانی غەززە و ئۆکراینا وەکو ئێمە شایستەی ژیانێکی رێکوپێکن

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی مەسەدۆنیای باکوور بە رووداوی راگەیاند، ئەو لە گوتارەکەیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی شەڕی ئۆکراینا و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-09-2024، گۆردانا سلیانۆڤسکا، سەرۆکی مەسەدۆنیای باکوور قسەی بۆ دیار کوردە، نێردراوی رووداو بۆ نیویۆرک کرد و گوتی: "لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتاری خۆمم پێشکێشکرد و باسی شەڕی ئۆکراینا-رووسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستم کرد. شەڕی غەززەم وەکو تابلۆی گێرنیکای پیکاسۆ بەراورد کرد، داوام لە جیهان کرد بە زووترین کات بۆ دادپەروەری و ئاشتیی هەمیشەیی هەنگاو بنێن." 
 
خانمە سەرۆکەکەی مەسەدۆنیای باکوور گوتی: "من پێم باشە جیهانێکی کانتیانیزمان هەبێت [فەلسەفەی کانت، فەلسەفەی عەقڵ و بیردۆزی زانین]، نەوەک جیهانێکی ماکیاڤێلی [جیهانی قۆستنەوە و دەستەمۆکردن]."
 
گۆردانا کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی 79یەمین کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بوو گوتی، ئەو بیر و سۆزی لای قوربانییەکانی جەنگە. منداڵان، ژنان و بێتاوانەکانی غەززە و ئۆکراینا شایستەی ژیانێکی رێکوپێکن "وەک ئێمە لە ئەورووپا."
 
دەقی قسەکانی گۆردانا سلیانۆڤسکا، سەرۆکی مەسەدۆنیای باکوور
 
"گوتاری خۆم پێشکێشکرد، بێگومان باسی شەڕی ئۆکراینا-رووسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستم کرد. شەڕی غەززەم وەکو تابلۆی گێرنیکای پیکاسۆ بەراورد کرد، داوام لە جیهان کرد بە زووترین کات بۆ دادپەروەری و ئاشتیی هەمیشەیی هەنگاو بنێن. من پێم باشە جیهانێکی کانتیانیزمان هەبێت [فەلسەفەی کانت]، نەوەک جیهانێکی ماکیاڤێلی [جیهانی قۆستنەوە و دەستەمۆکردن]، هیوام ئەوپەڕی باشییە. بێگومان بیر و هۆش و سۆزم لای ئەوانەی ئەوێیە [ئۆکراینا و غەززە] داواشم کرد ئەوە لە دژی منداڵان، ژنان و بێتاوانەکان بوەستێنرێت، چونکە ئەوان شایستەی ژیانێکی باش و رێکوپێکن، هەروەک ئێمە لێرە هەمانە."