نوێنەری ئەنجوومەنی راگوزەری یەمەنی باشوور بۆ رووداو: پشتگیریی لە سەربەخۆیی کورد دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ 

دیپلۆماتێکی یەمەنی باسی دۆزی کوردی بۆ رووداو کرد و گوتی: "کورد خاوەن دۆزێکی رەوایە و بۆ ئەوەی سەربەخۆ بێت ئێمەش پشتگیریی دەکەین." ئەو هەروەها گوتی، لە عێراق زۆرینەکان هەوڵدەدەن دەنگی کورد سەرکوت بکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-09-2024، ئەحمەد عاتف، نوێنەری ئەنجوومەنی راگوزەری یەمەنی باشوور بۆ ئەمریکا قسەی بۆ دیار کوردە، نێردراوی رووداو بۆ نیویۆرک کرد و گوتی: "ئێمە پشتگیری لە هەموو نەتەوەیەک دەکەین کە جیاببێتەوە و سەروەری و سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت، بۆ نموونە نەتەوەی کورد. ئەوان دۆزێکی گرنگ و رەوایان هەیە و ئێمەش پشتگیرییان لێدەکەین، پێموایە ئەمە رێگەی بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیرییە لە جیهاندا."
 
عاتف کە بۆ بەشداریکردن لە 79یەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بوو، گوتیشی: "دەزانم کە نەتەوەی کورد چەندین قوربانی داوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتییانە حکومەتی فیدراڵیی عێراق رازیبکات بۆ ئەوەی نوێنەرێکی هەبێت."
 
دیپلۆماتەکەی یەمەن زیاتر باسی کوردی بۆ رووداو کرد و گوتی: "هەمیشە زۆرینەکانی دیکە هەوڵی سەرکوتکردنی دەنگی خەڵکی کورد دەدەن لە عێراق کە ئێمە دژین. ئێمە پێمان خۆشە هەموو نەتەوە و پێکهاتەیەک بۆشاییەکی تایبەت بەخۆی هەبێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش دەرفەتێکیان هەبێت کە بتوانن هەست و بیروڕایان دەربڕن. نابێت هیچ هێزێکی خۆسەپێن هەبێت و خەڵک بچەوسێنێتەوە تەنیا لەبەر ئەوەی زمان و مێژوویان لەگەڵ یەکدی جیاوازە. نابێت ئەمە ببێتە هۆکارێک بۆ چەوساندنەوە."
 
یەمەنی باشوور لە ساڵی 1967 تاوەکو 1970 ناوی کۆماری یەمەنی باشوور بوو، لە 1970 تاوەکو 1990 ناوەکەی بۆ کۆماری دیموکراتیی یەمەن گۆڕا.  یەمەنی باشوور تاکە وڵاتی کۆمیونیستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو، بەڵام بەهۆی ئابووریی لاواز، تەنگژەی سیاسیی نێوخۆیی و کێشە هەرێمییەکان خۆشگوزەران نەبوو. وڵاتەکە لە 1990 لەگەڵ یەمەنی باکوور یەکی گرت و کۆماری یەمەنیان پێکهێنا و دوای چوار ساڵ جەنگی نێوخۆیی لێکەوتەوە.
 
دەقی قسەکانی ئەحمەد عاتف، نوێنەری ئەنجوومەنی راگوزەری یەمەنی باشوور بۆ ئەمریکا
 
"سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. ئێمە نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی راگوزەری یەمەنی باشوور دەکەین، کە بەشێکە لە حکومەتی هاوپەیمانی کۆماری یەمەن. ئێمە سەر بە باشوورین و ئێمەش لەو هاوپەیمانێتییە نوێنەرایەتیی خەڵکی باشوور دەکەین. ئێمە تاوەکو 1990 دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان هەبوو، ئێستاش لە ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی کۆماری یەمەن هەوڵدەدەین بە شێوەیەکی ئاشتییانە رێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بەدەستبێنینەوە. ئێمە دەمێکە خەریکین دۆخی خۆمان بۆ ناوچەکە و هەموو جیهان باسدەکەین، لەوانەش لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. چەندین لایەنی جیاوازیش لێمان تێگەیشتوون و گوێیان بۆ گرتووین. پێموایە ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتییانە حکومەت بگوازینەوە. ئێمە پشتگیری لە هەموو نەتەوەیەک دەکەین کە جیاببێتەوە و سەروەری و سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت، بۆ نموونە نەتەوەی کورد. ئەوان دۆزێکی گرنگ و رەوایان هەیە و ئێمەش پشتگیرییان لێدەکەین، پێموایە ئەمە رێگەی بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیرییە لە جیهاندا."
 
"هەروەک دەزانی دۆخەکان لەیەکدی جیاوازن، بەڵام دەزانم کە نەتەوەی کورد چەندین قوربانی داوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتییانە حکومەتی فیدراڵیی عێراق رازیبکات بۆ ئەوەی نوێنەرێکی هەبێت. نازانم ئێستا دۆخی ئەوێ چۆنە بەڵام پێموایە سەرۆکی عێراق خەڵکی کوردستان بوو، هەروەها لە پەرلەمانی عێراقیش [نوێنەری هەبوو]. لەوەش تێدەگەم کە هەمیشە زۆرینەکانی دیکە هەوڵی سەرکوتکردنی دەنگی خەڵکی کورد دەدەن لە عێراق کە ئێمە دژین. ئێمە پێمان خۆشە هەموو نەتەوە و پێکهاتەیەک بۆشاییەکی تایبەت بەخۆی هەبێت بۆ ئەوەی ئەوانیش دەرفەتێکیان هەبێت کە بتوانن هەست و بیروڕایان دەربڕن. ئێمە مرۆڤی ئازادین، مرۆڤ دەبێت ئازاد بێت. بۆ نموونە هەروەک لە ئەمریکا دەیبینین، وڵاتێکی ئازادە. نابێت هیچ هێزێکی خۆسەپێن هەبێت و خەڵک بچەوسێنێتەوە تەنیا لەبەر ئەوەی زمان و مێژوویان لەگەڵ یەکدی جیاوازە. نابێت ئەمە ببێتە هۆکارێک بۆ چەوساندنەوە. کورد خەڵکێکی زۆر باشن و بەشدارییان لە زۆر شتدا هەبووە. من لە ئەزموونی خۆمەوە دەزانم، چونکە پیاوێکی بەتەمەنم، پێش 1990 کاتێک خاوەن دەوڵەت بووین پەیوەندیی باشمان لەگەڵ هاوڕێیە کوردەکانمان هەبوو لەوێ [لە هەرێمی کوردستان] ئێمە پشتگیریی لە سەربەخۆیی ئەواندا دەکەین."