سەرۆکی فەلەستین: ناکرێت ئەم سەرشێتییە بەردەوام بێت

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین لە نیویۆرکەوە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل رابگرن، بۆ ئەوەی چیدیکە خوێن نەڕژێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-09-2024، مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، گوتارێکی پێشکێش کرد و داوای کرد ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل رابگیرێت.
 
سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین گوتی: "ئەم تاوانە راگرن، هەر ئێستا رایگرن. کوشتنی ژن و منداڵان و ئەم جینۆسایدە راگرن. ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل راگرن. ناکرێت ئەم سەرشێتییە بەردەوام بێت."
 
ئەو هەروەها گوتیشی: "ئەوەی بەسەر خەڵکی ئێمە دێت لە غەززە و کەرتی رۆژئاوا، هەموو جیهان لێی بەرپرسیارە."
 
مەحموود عەباس گوتی، ئیسرائیل شایانی ئەوە نییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بێت. ئەو گوتی: "ئیسرائیل بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ ناکات، بۆیە شایستەی ئەوە نییە لەو رێکخراوە بێت."
 
11 رۆژی دیکە تەمەنی جەنگی غەززە دەبێتە ساڵێکی تەواو، رۆژی 07-10-2023 چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر چەند ئۆردووگایەکی جوونشینی ئیسرائیل. حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، ئەو رۆژە زیاتر لە 1,200 کەس کوژران و 251 کەسیش بە بارمتە بران. ئیسرائیل بەڵێنی وەڵامدانەوەیەکی تووندی دا و هێشتا نەوەستاوە.
 
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتەکە، 41 هەزار و 534 کەس کوژراون و لە 2.4 ملیۆن دانیشتووەکەی ئەو کەرتە، هەموو کەسێک لانیکەم جارێک ئاوارەبووە.
 
نوێترین هێرشی ئیسرائیل بۆ غەززە ئەم بەیانییە بوو کاتێک بۆردوومانی قوتابخانەیەکی کرد. مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند: "لە هێرشەکەی سەر قوتابخانەی فەلوجە لە کەمپی جەبالیا لە باکووری غەززە، 15 کەس شەهید بوون، کە منداڵ و ژنیشیان تێدایە."
 
سوپای ئیسرائیل دواتر رایگەیاند چەند پێگە و کەسێکی حەماسیان لە نێو قوتابخانەکە کردووەتە ئامانج.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد عاتف، نوێنەری ئەنجوومەنی راگوزەری یەمەنی باشوور بۆ ئەمریکا.

نوێنەری ئەنجوومەنی راگوزەری یەمەنی باشوور بۆ رووداو: پشتگیریی لە سەربەخۆیی کورد دەکەین

رۆژی پێنجشەممە، 26-09-2024، ئەحمەد عاتف، نوێنەری ئەنجوومەنی راگوزەری یەمەنی باشوور بۆ ئەمریکا قسەی بۆ دیار کوردە، نێردراوی رووداو بۆ نیویۆرک کرد و گوتی: "ئێمە پشتگیری لە هەموو نەتەوەیەک دەکەین کە جیاببێتەوە و سەروەری و سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت، بۆ نموونە نەتەوەی کورد. ئەوان دۆزێکی گرنگ و رەوایان هەیە و ئێمەش پشتگیرییان لێدەکەین، پێموایە ئەمە رێگەی بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیرییە لە جیهاندا."