سەرۆکی جەهەپە دوای بیستنی وشەی 'تورکیای داگیرکار' کۆبوونەوەی سۆسیالیستەکانی جێهێشت

رووداو دیجیتاڵ 

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەهۆی بەکارهێنانی وشەی داگیرکاری بۆ تورکیا لە پرسی قوبرس، کۆبوونەوەی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵی جێهێشت، بەڵام دواتر گەڕایەوە و روونکردنەوەی دا.
 
لە کۆبوونەوەی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ کە رۆژی چوارشەممە 26-9-2024 لە نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەچوو، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە بەشێک لە بەرپرسانی ئەو پارتە بەشدارییان کرد. 
 
ستیفانۆس ستیفانۆ، سکرتێری گشتیی پارتی ئاکیل لە کۆماری قوبرس (قوبرسی یۆنان) لە گوتارێکیدا باسی لەو ئۆپەراسیۆنە کرد کە تورکیا ساڵی 1974 کردیە سەر قوبرس و بە داگیرکاری ناوی برد.
 
ئەو قسەیە وایکرد ئۆزگور ئۆزەل کاردانەوە نیشان بدات و کۆبوونەوەکە جێبهێڵێت. بەڵام دواتر دۆخەکە کەمێک هێورکرایەوە و رێگە بە ئۆزەل درا روونکردنەوە لەبارەی بابەتەکە بدات.
 
سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، ئەگەر روونکردنەوە نەدات، ناتوانێت روونکردنەوە بۆ تورکیا و جەهەپەش بکات. سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە ئۆزەل گوتی: "کاتێک بولەنت ئەجەڤیت 'ئۆپەراسیۆنی ئاشتی'ی بە جیهان راگەیاند، گوتی  ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە ئاشتەوایی بۆ تورکەکان و رۆمەکانیش فەراهەم بکات. ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بوو کە ئامانجی سیاسیی لەپشتەوە بوو. تەنیا سێیەکی دوورگەکەیان کۆنترۆڵکرد و وەستان. دەیانتوانی تەواوی دوورگەکە کۆنترۆڵ بکەن کە ئەوکات بە داگیرکاری ناودەنرا".
 
سەرۆکی جەهەپە باسی لەوە کرد تورکیا لەوکاتەوە پابەندی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی دیکەی نێودەوڵەتی بووە و بەشداریشی لە تەواوی کۆبوونەوەکانی ئاشتەوایی کردووە.
 
کێشەی لەمێژینەی نێوان تورکیا و یۆنان
 
ناکۆکییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا بەدەر لەوەی مێژووێکی دوور و درێژی هەیە، هاوکات چەند رەهەندێکی جیاوازیشی هەیە. دوورگەکانی دەریای نێوەڕاست، قوبرس، کۆچ و پەیوەندییەکان لەگەڵ رۆژئاوا چەند بابەتێکن کە تورکیا و یۆنان خاڵی ناکۆکیان لەبارەیانەوە هەیە. 
 
لەدوای جیابوونەوە و سەربەخۆبوونی یۆنان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی 1832، هیچ کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا جێگیر نەبووە، ئەو دوو وڵاتە لە مێژووی خۆیاندا چوار جار جەنگیان بەرپا کردووە:
 
جەنگی تورکیا - یۆنان ساڵی 1897
جەنگی بەلقانی یەکەم ساڵی 1912
جەنگی یەکەمیی جیهانی 1914 - 1918
جەنگی دووەمی یۆنان - تورکیا 1919 - 1922
 
لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو باشی چوون. هەردوو وڵات ساڵی 1952 بوونە ئەندامی ناتۆ، بەڵام جارێکی دیکە و ماوەیەکی کەم دوای پەیوەندیی ئەرێنی، ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر دوورگەی قوبرس و دەرکردنی یۆنانییەکان لە تورکیا لە شەستەکانی سەدەی رابردوو پەرەی سەندەوە.
 
ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لە 1974 بە داگیرکردنی بەشێک لە قوبرس لەلایەن تورکیاوە قووڵتر بوونەوە، تاوەکو ئێستا سنووری ئاویی ئیجە، خاڵێکی گەورەی ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵاتەکەیە.
 
یۆنان بە فەرمی و لەڕێی پەیماننامەوە 12 دوورگەی سەرەکیی لەو سنوورانە بەدەستهێناوە و بە فەرمی خستووەتە سەر خاکی وڵاتەکەی.
 
بەشێک لەو دوورگانە لە تورکیاوە بە چاو دەبینرێن. یۆنان تورکیا بەوە تۆماتبار دەکات کە لەو ناوچانەدا بەدوای سەرچاوەی سرووشتیدا دەگەڕێت و تورکیا بە پاوانخواز ناودەبات.
 
هەرچیی تورکیایە یۆنان بە پڕچەککردنی دوورگەکان تۆمەتبار دەکات، لەکاتێکدا پێشتر بەڵێننامە لەبارەی جێگیرنەکردنی چەک لەو دوورگانە واژۆکراوە.
 
دوورگەی کاستیلۆریزوی یۆنان کە لە تورکیا بە دوورگەی مەیس دەناسرێت، تەنیا دوو کیلۆمەتر لە کەناراوی تورکیا دوورە. ئەو دوورگە یۆنانییە کێشەی بۆ تورکیا دروستکردووە. یۆنان جەختدەکاتەوە کە بەپێی یاسا و نەخشە دوورگەی خۆیەتی و مافی ئەسینایە جموجووڵ بە ویستی خۆی لەوێدا بکات. هەرچیی تورکیایە رەتیدەکاتەوە ئەو هەنگاوەی یۆنان یاسایی بێت.