وەزیری تەندروستیی کۆماری دۆمینیکان بۆ رووداو: داوا دەکەین خەڵک بە چاوی برایەتی سەیری یەکدی بکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری تەندروستیی دۆمینیکان بە رووداوی راگەیاند، جەنگی فەلەستین بارگرانییەکی زۆری دروست کردووە و داوایکرد هەموو کەسێک بە چاوی برایەتی سەیری یەکدی بکەن. هەروەها گوتی: "بەڕای من گرنگترین شت ئەوەیە رێز لە مافی خەڵک بگرین، دەبێت ئەو بەهایە لەناخی هەمووماندا بێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-09-2024، ڤیکتۆر عەتاڵڵا، وەزیری تەندروستیی کۆماری دۆمینیکان بە سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرکی راگەیاند: "من فەلەستینیم، خێزانەکەم خەڵکی فەلەستینن. ئەو جەنگە زیانی لێداوین و بارگرانییەکی زۆری بۆ دروستکردووین لەوێ. داوا لە جیهان دەکەین خەڵک بە چاوی برایەتی سەیری یەکدی بکەن. هەسارەکە گەورەیە و دەتوانین بەشی بکەین. لەکۆنەوە جووەکان لەگەڵ ئێمە دەژیان لەوێ. ئێمە پێویستە لەگەڵ یەکدی بژین و رێزی یەک بگرین."
 
ڤکتۆر عەتاڵڵا کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بوو، گوتی: "گرنگترین شت ئەوەیە رێز لە مافی خەڵک بگرین، دەبێت ئەو بەهایە لەناخی هەمووماندا بێت، نابێت هەر بیر لە قازانجکردن و بردنەوەی زیاتر بکەینەوە."
 
پەیامنێری رووداو پرسیاری ئەوەی لێکرد، رای چییە کە نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە ئاشتی لە غەززە بەرقەرار بکەن، ئەو گوتی: "پێموایە نەتەوە یەکگرتووەکان خەریکن کاری خۆیان دەکەن. وڵاتەکان پێویستە رێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرن، ئەمە گرنترین شتە."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ڤیکتۆر عەتاڵڵا، وەزیری تەندروستیی کۆماری دۆمینیکان 
 
رووداو: ئەمڕۆ ویستت چی بە نەتەوەیەکگرتووەکان بڵێیت؟
 
ڤیکتۆر عەتاڵڵا: پەیامی گرنگی ئەمڕۆ دژە بەکتریاکان بوو، ئێمە خەریکە مامەڵە لەگەڵ کێشەیەکی گەورە دەکەین، بەکتریاکان تا دێت بەهێزتر دەبن. ئێمە خەریکین کار لەسەر سیستمێک دەکەین بۆ ئەوەی لەو کێشەیە رزگاربین. ئیستا بەشی پێویست دەرمانمان هەیە بۆ ئەوەی چارەسەری هەموو ئەو کەسانە بکەین کە تووشی بەکتریا بوون. ئێستا هەموو جیهان خەریکە شەڕی بەکتریاکان دەکات.
 
رووداو: پێت وایە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی خستووەتە سەر کۆچکردن؟
 
ڤیکتۆر عەتاڵڵا: گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لە هەموو شتێک کردووە وەکو تەندروستی، کەشوهەوا و ژیانی کۆمەڵایەتی. بەڵێ بێگومان کاریگەریی لەسەر کۆچبەران هەیە.
 
رووداو: گرنگترین پرس و کیشە جیهانییەکانی ئەم دواییانە چین؟
 
ڤیکتۆر عەتاڵڵا: بەگوێرەی چی؟
 
رووداو: بەم دواییانە باسی جەنگ دەکرێت، رات چییە؟ جەنگ لە ئۆکراینا و لە غەززە هەیە و خەریکە بڵاو دەبێتەوە.
 
ڤیکتۆر عەتاڵڵا: بەڕای من گرنگترین شت ئەوەیە رێز لە مافی خەڵک بگرین، دەبێت ئەو بەهایە لەناخی هەمووماندا بێت، نابێت هەر بیر لە قازانجکردن و بردنەوەی زیاتر بکەینەوە. من فەلەستینیم، خێزانەکەم خەڵکی فەلەستینن. ئەو جەنگە زیانی لێداوین و بارگرانییەکی زۆری بۆ دروستکردووین لەوێ. داوا لە جیهان دەکەین خەڵک بە چاوی برایەتی سەیری یەکدی بکەن. هەسارەکە گەورەیە و دەتوانین بەشی بکەین. لەکۆنەوە جووەکان لەگەڵ ئێمە دەژیان لەوێ. ئێمە پێویستە لەگەڵ یەکدی بژین و رێزی یەک بگرین. 
 
رووداو: دەبینین کە نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی زۆری داوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی، هیچ رەخنەیەکت لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە؟
 
ڤیکتۆر عەتاڵڵا: پێموایە نەتەوە یەکگرتووەکان خەریکن کاری خۆیان دەکەن. وڵاتەکان پێویستە رێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرن، ئەمە گرنترین شتە. 
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە، چی لەسەر پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێی؟ پرسێکی گەورەیە، چۆن چارەسەر دەکرێت؟
 
ڤیکتۆر عەتاڵڵا: ئەمە پرسێکە نامەوێت وەڵامی بدەمەوە، چونکە زۆر ئاشنای ئەو پرسە نیم. زانیاریم لەسەر نییە بۆیە نامەوێت باسی بکەم.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک. وێنە: AFP

سەرۆکی فەلەستین: ناکرێت ئەم سەرشێتییە بەردەوام بێت

رۆژی پێنجشەممە، 26-09-2024، مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، گوتارێکی پێشکێش کرد و داوای کرد ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل رابگیرێت.