ترەمپ: ئەگەر ئێران هەوڵی کوشتنی بەربژێران بدات وێرانی دەکەم

26-09-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، بەربژێر کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر ئێران هەوڵی کوشتنی بەربژێرێک یان سەرۆکێکی پێشووی وڵاتەکەی بدات، ئەوا ئەو وڵاتە وێران دەکات و پارچە پارچەی دەکات.
 
رۆژی چوارشەممە، 26ی ئەیلوولی 2024 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان لە کاتی بەشداریکردنی لە هەڵمەتێکی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی کارۆڵاینای باکوور، رایگەیاند: "وەکو دەزانن، دووجار هەوڵی کوشتنم دراوە و دەشزانن ئەوان [ئێران] رەنگە بەشدار بووبن یان بەشدار نەبوون، بەڵام ئەگەر هەیە دەستیان هەبووبێت و من سەرۆک بم، بەو وڵاتەی هەڕەشەکەی دروستکردووە، رادەگەیێنم، ئەگەر زیان بە هەر کەسێک بگەیێنێت، ئێمە گەورەترین شارتان و تەواوی وڵاتەکەتان پارچە پارچە دەکەین."
 
ئەو لێدوانە نوێیانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی تیمی هەڵبژاردنی ترەمپ رایگەیاند، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاگاداریان کردوونەتەوە هەڕەشەی "دیاریکراو و راستەقینە" لەسەر ژیانی ئەو بەربژێرە لەلایەن تارانەوە هەیە.
 
ترەمپ راشیگەیاند: "ئێران راستەوخۆ هەڕەشەی لەسەر ئەو و ئەمریکاش دروستکردووە"، بۆیە پێیوایە دەبێت تاران پەیامێکی تووندی ئاراستە بکرێت، ئاگادار بکرێتەوە.
 
ترەمپ گوتیشی: "ئێران رووبەڕووی دەرئەنجامێکی خراپ دەکرێتەوە، ئەگەر پیلان بۆ کوشتنی سەرۆکی ئەمریکا یان بەربژێرێک دابڕێژێت. باشترین رێگە ئەوەیە سەرۆکی ئەمریکا پێیان رابگەیێنێت ئەگەر هێرش بکەنە سەر سەرۆکێکی پێشوو یان هەر بەربژێرێک، وڵاتەکەتان وێران دەکرێت."
 
بەربژێری کۆمارییەکان سەرسامی خۆی نیشاندا بە سەردانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ نیویۆرک و گوتی: "ئەوە شتێکی نامۆیە، ئەم هەفتەیە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە نیویۆرکە و تیمێکی گەورەی پاسەوانی لەگەڵدایە. ئێمە ژمارەیەکی زۆر پاسەوانمان بۆ ئەو دابینکردووە، کەچی ئەوان هەڕەشە لە یەکێک دەکەن کە سەرۆکی پێشوو و بەربژێرێکی سەرەکییە و دەشبێتە سەرۆکی داهاتوو." 
 
رۆژی چوارشەممە، ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تایبەت بە خۆی بەناوی "تروس سۆشیەڵ" لە پەیامێکدا نووسیبووی، "ئێران هەڕەشەیەکی گەورەی لەسەر ژیانم دروست کردووە. تەواوی دەزگە سەربازییەکانی ئەمریکا تەماشا دەکەن و دەستەوەستانن". 
 
ترەمپ هەروەها نووسیویەتی: "ئێران هەندێ جموجووڵی کردووە کە سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام هەر هەوڵ دەداتەوە. ئێستا لەهەموو کات زیاتر، چوار دەورم بە خەڵکی زیاتر و چەکی زۆرتر گیراوە"، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بە زیادکردنی ژمارەی پاسەوانەکان بۆ ترەمپ دوای دوو هەوڵی کوشتنی لەماوەی دوو مانگی رابردوودا.
 
رۆژی 24ی ئەیلوولی 2024، تیمی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، دەزگە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا سەرۆکی پێشووی ئەمریکایان ئاگادار کردووەتەوە لەوەی مەترسی هەوڵی تیرۆرکردنی لەلایەن ئێرانەوە هەیە. 
 
هێشتا روون نییە ئەو هەڕەشانەی لەلایەن تیمی ترەمپ یان خۆیەوە باسکراون، هەڕەشەی نوێن یان ئەوانەن کە لە رابردوودا باسکراون. ئێران تەواوی ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە بەوەی هەوڵیانداوە ترەمپ بکوژن.
 
رۆژی 13ی تەممووزی رابردوو، کەسێک لە ناوچەی بەتڵەری سەر بە ویلایەتی پێنسڵڤانیا، لەکاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، تەقەی لە بەربژێری کۆمارییەکان کرد و لە ئەنجامدا کەسێکی کوشت و ترەمپیشی بریندار کرد.
 
رۆژێک لەدوای هەوڵی کوشتنی ترەمپ، میدیای ئەمریکا، بڵاویکردەوە بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بەرپرسانی دەزگە هەواڵگرییەکان بەدەستیانگەیشتووە، ئێران پیلانی کوشتنی ترەمپی هەبووە، ئەمەش وایکرد دەزگە ئەمنییەکان، پاسەوانی زیاتر بۆ ترەمپ دابین بکەن. 
 
هەر ئەوکات ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی نووسیوویەتی: "ئەگەر ئەوان توانییان ترەمپ بکوژن، کە هەمیشە ئەگەرە، هیوادارم ئەمریکا ئێران لەنێوبەرێت و لەسەر رووی زەوی نەیانهێڵن، ئەگەر ئەوەش روونەدات، ئەوا سەرکردەکانی ئەمریکا ترسنۆکن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا