وەزیری ژینگەی پەنەما بۆ رووداو: کۆچی نایاسایی خەریکە وڵاتەکەمان خاپوور دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ژینگەی پەنەما بە رووداوی راگەیاند، کۆچبەری و وشکەساڵی دوو گەورەترین کێشەی وڵاتەکەین. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ژینگە و دۆخی مرۆیی ئەوانەی پێویستیان بە هاوکارییە لە وڵاتانی جیهان بە دوو گەورەترین کێشە دەبینن.
 
رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2024، خوان کارلۆس ناڤارۆ، وەزیری ژینگەی پەنەما بە دیار کوردە، نێردراوی رووداو بۆ نیویۆرکی گوت، "گۆڕانی کەشوهەوا بۆ پەنەما کارەساتە. من دوو نموونەت بۆ باسدەکەم، ساڵی پار یەکێک لە وشکترین ساڵەکانمان لە مێژوو بەڕێکرد و بارانی پێویستیش نەباری، ئەمە بووە هۆی ئەوەی وڵاتەکە یەک ملیار دۆلار زیانی پێبگات کە ئەو پارەیەشمان نییە. ئەوە زۆر خراپ بوو، ئەمە کاریگەرییەکی راستەوخۆی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی جیهان بوو."
 
وەزیری ژینگەی پەنەما باسی لەوەشکرد: "کێشەکەی دیکە ئەوەیە، کۆچی نایاسایی خەریکە وڵاتەکەمان خاپوور دەکات. ساڵی رابردوو 520 هەزار کۆچبەری نایاسایی بەنێو پەنەمادا بەرەو ئەمریکا رۆیشتن. کۆچبەرەکان بە دارستانی داریێن تێپەڕین، کە شوێنێکە لە لیستی کەلەپووری جیهانی، کەچی دارستانەکەیان پیسکرد و تێکیان دا."
 
لەبارەی هۆکاری کۆچی بە لێشاوی خەڵک بە وڵاتەکەیدا، وەزیرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "بەشێک لەو کۆچبەرانە بەهۆی کاریگەرییەکانی کەشوهەواوە کۆچدەکەن، هەندێکیشیان لەبەر دیکتاتۆریەت و خراپیی رەوشی ئابووری دەڕۆن."
 
ئەو وەزیرە پێیوایە، ئەفریقا، ئێکوادۆر، هایتی، کۆڵۆمبیا و ڤەنزوێلا. زۆربەیان ئێستا بەهۆی رەوشی سیاسی لە ڤەنزوێلاوە دێن. "ساڵی پار 520 هەزار کۆچبەری نایاسایی بەنێو دارستانەکانمان تێپەڕین و ژینگە و جەنگەڵەکانیان تێکداین."
 
بە گوێرەی گوتەکانی خوان کارلۆس، "بێگومان دۆخی مرۆیی ئەمە یەکەمین شتە. ئەوەی خەڵک بەرامبەر یەک دەیکەن، ئەوەی ئێمە بەرامبەر یەکدی دەیکەین. هەروەها ژینگە، ئەوەی ئێمە بەرامبەر هەسارەکەمان دەیکەین، هەمان ئەو مامەڵەیە کە بەرامبەر یەکدی دیکەین. ئێمە خەریکە هەسارەکەمان لەنێو دەبەین بە هەمان ئەو جۆرەی یەکدی لەنێو دەبەین. ئەمە گرنگترین شتە. پێویستە وەک مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ یەکدی بکەین و هەسارەکەمان بپارێزین، چونکە تاکە شوێنی ژیانمانە."