زیاتر لە 28 هەزار دانیشتووی ناگۆرنۆ-قەرەباخ چوونەتە نێو ئەرمینیا
رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا 28 هەزار و 120 کەس لە دانیشتووانی ناگۆرنۆ-قەرەباخ کە زۆرینەیان ئەرمەنین، گەیشتوونەتە ئەرمینیا.
رۆژی سێشەممە، 26-09-2023، حکومەتی ئەرمینیا بڵاویکردەوە، لە سێ رۆژدا لە رێڕەوی لاچینەوە 28 هەزار و 120 کەس گەیشتوونەتە وڵاتەکەی، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە، 24-09-2023، ئازەربایجان رێگەی بۆ هاووڵاتییانی ناگۆرنۆ-قەرەباخ کردەوە هەرێمەکە چۆڵ بکەن.
بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناگۆرنۆ-قەرەباخیشەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل دەکات.
ستیفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سێشەممە، 26-9-2023، رایگەیاند، "سکرتێری گشتی زۆر نیگەرانە لە ئاوارەبوونی خەڵکی کە لە ئەرمینیا دەیبینین". هەروەها گوتی، "گرنگە کە مافی خەڵکی هەڵکەندراو لە شوێنی خۆی پارێزراوبێت و پشتگیریی مرۆییان پێ بگات".
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشدا لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە 26-9-2023 داوای کرد، ئازەربایجان هاووڵاتیی سڤیل لە هەرێمی قەرەباخدا بپارێزێت و وڵاتەکە رێگە بە گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی بدات.
رۆژی 19ـی ئەیلوولی2023، سوپای ئازەربایجان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی دژەتیرۆر" بۆسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ راگەیاند کە بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، "داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارە جوداخوازە ئەرمەنییەکانی" هەرێمەکە بووە.
لە کاتێكدا ئەرمینیا، ئازەربایجان بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە ناگۆرنۆ قەرەباخ تۆمەتبار دەکات، ئازەرییەکان ئەرمینیا بە ناردنی یەکەی سەربازی بۆ نێو هەرێمەکە و بە بەرپرس لە لێدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئازەربایجان دەزانێت.
لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە چەندین شەڕوپێکدادان لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر ئەو هەرێمە روویانداوە و هەزاران کوژراو و بریندار و ئاوارەی لە هەردوولا لێکەوتووەتەوە. دوایینیان لە ئەیلوولی 2020 بوو کە شەش هەفتەی خایاند و بە رێککەوتنێكی ئاگربەست بە نێوەندگیری رووسیا کۆتاییهات و هێزی ئاشتیخوازی رووسی بە ناوچەکەدا بڵاوکرایەوە.