ئەرمینیا رەتیدەکاتەوە دوو ئەندامی پەکەکەی رادەستی تورکیا کردبێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەرمینیا رەتیدەکاتەوە دوو ئەندامی پەکەکەی رادەستی تورکیا کردبێت و دەڵێت، ئەو جۆرە هەواڵانە هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە. ئەوە لەکاتێکدایە، پەکەکە دەڵێت، مانگی رابردوو دوو ئەندامەکەی رادەستکراونەتەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە 25ـی ئەیلوولی 2022 دەزگای هەواڵگریی ئەرمینیا لە راگەیێندراوێکدا قسەی لەبارەی ئەو دەنگۆیانە کرد کە گوایە حکومەتی وڵاتەکە دوو ئەندامی پەکەکەی رادەستی تورکیا کردوونەتەوە و رایگەیاند، "ئەو رەخنانەی" ئاڕاستەی دەزگای هەواڵگریی ئەرمینیا دەکرێن لەبارەی رادەستکردنی دوو کەسی کورد بە ناوەکانی ئاتیلا چیچەک و حوسێن یەڵدرم بە تورکیا "ساختەن و وێڕای ئەوەی دوورن لە راستییەوە، هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە." 
 
هەواڵگریی ئەرمینیا دەشڵێت ئەو جۆرە هەواڵانە بۆ بە ئامانجگرتنی ئەوان بڵاودەکرێنەوە.   
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 24ـی ئەیلوول هەپەگە، باڵی چەکداریی پەکەکە رایگەیاند کە ئەو دوو ئەندامەی ئەوان لەلایەن ئەرمینیاوە رادەستی تورکیا کراونەتەوە. 
 
میدیای فەرمیی تورکیاش بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگریی تورکیا ناسراو بە میت، هەردوو ئەندامەکەی پەکەکەیان لە سنووری نێوان تورکیا و ئەرمینیادا دەستبەسەرکردووە و براونەتە تورکیا. 
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی تورکیا، ئاتیلا چیچەک بە نازناوی لەهەنگ و حوسێن یەڵدم بە نازناوی عەلی شێر لە لیستی سووری داواکراوەکانی وڵاتەکەدا بوون. 
 
هەپەگە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، لە مانگی ئابی 2021دا لەهەنگ و عەلی شێر لە نزیک سنووری ئەرمینیا لە ئەرکدا بوون، هێزەکانی ئەرمینیا لێیان نزیکبوونەتەوە و دەستبەسەریان کردوون.