دامەزراوەیەکی ئەمریکی: رێژەی بێکاری لە ئەمریکا بۆ کەمترین ئاست لە 50 ساڵدا دابەزیوە


رووداو دیجیتاڵ

قۆناخی دوای کۆرۆنا، گۆڕانکاریی گەورەی لە هێزی کار و دەرفەتەکانی کارکردن لە ئەمریکا دروستکردووە، بەپێی توێژینەوەیەکی دامەزراوەی هێریتج ئێستا دەرفەتەکانی کارکردن لە ئەمریکا 50٪ زیاترن بە بەراورد بە پێش کۆرۆنا و رێژەی بێکاریش بۆ کەمترین ئاست لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا دابەزیوە کە رێژەکە ئێستا تەنیا 7.53٪ـە.
 
نیکۆڵاس ئێبرستاد، نووسەری پەرتووکی پیاوان بەبێ کارکردن لە دوای کۆرۆنا دەڵێت، ''ئێمە کۆمەڵێک دۆخی نامۆمان لەهەمان کاتدا هەیە، کەمیی هێزی کار و هەبوونی دەرفەتی کاری زۆرمان هەیە و لەهەمان کاتیشدا کەمبوونەوەی هاتنی هێزی کاری نوێمان هەیە، ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن کاری نوێمان هەیە بە بەراورد بە پێش کۆرۆنا، لە هەمان کاتدا ئێمە چوار ملیۆن هێزی کارکردنی کەمترمان هەیە، ئەمەش ئەو شتەیە کە چاوەڕێمان دەکرد رووبدات، بۆیەش هەبوونی ئەم دوو ژمارەیەش، کەمبوونەوەی هێزی کار و هەروەها زیادبوونی دەرفەتەکانی کارکردن هەمیشە بەپێچەوانەی یەکدییەوە دەردەکەون.''
 
نیکۆڵاس لەم چەند رۆژەی رابردوودا پەرتووکێکی تایبەتی لەبارەی دەرفەتەکانی کارکردن و هێزی کار لە ئەمریکا بڵاوکردەوە، لە پەرتووکەیدا باس لە کارکردن لە دوای قۆناخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەکات، ئاماژە بەوە دەدات کە دەرفەتەکانی کارکردن زۆر زیاترن لە هێزی کار و هانی هێزی کاری ئەمریکا دەدات کە زیاتر کاربکەن، تەنانەت ئەگەر پێویستیشیان بەو پارەیە نەبێت کە لەو رێگەیەوە دەستیان دەکەوێت، چونکە بەکارکردن کۆمەڵگە بەیەکەوە دەبەسترێتەوە.
 
نیکۆڵاس ئێبرستاد، نووسەری پەرتووکی پیاوان بەبێ کارکردن لە دوای کۆرۆنا دەڵێت، ''دەمەوێت خەڵک لە گرنگیی کار تێبگات، کە کارکردن گرنگترە لە دۆلارەکان، بەڵکو خەڵک لە کۆمەڵگە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەروەها روانگەیەکی گرنگیشە بۆ داهاتووی ئەمریکا، بۆیەش وەک کۆمەڵگەی کارکردن، داهاتووی کارکردن گرنگتر و گرنگتر دەبێت بۆ تەندروستبوون وسەرکەوتووتربوونی وڵاتەکەمان.''
 
توێژینەوەکەی دامەزراوەی هێریتج ئاماژەی بەوە داوە، سەرباری زیادبوونی نزیکەی چوار ملیۆن و 200 هەزار کەس کە تەمەنیان گەیشتووەتە سەروو 16 ساڵ، هێشتا بازاڕی کار پێویستیی بە هێزی کاری زیاترە، کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردەش زیاتر لە هەر کەرتێکی دیکە رووبەڕووی کەمیی کرێکار بوونەتەوە.
 
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی هێزی کاریش، پشتبەستنی خەڵکە بە هاوکاریی حکومەت.
 
تێکست تێرنەر، مامۆستایەکی خانەنشینە و دەڵێت، ''ئەوەی کە من بیستوومە ئەوەیە هێشتا خەڵکێکی زۆر هاوکاریی حکومەت وەردەگرن، بۆیەش هیچ هاندانێکیان نییە بچنەوە سەر کار، چونکە ئەوەی دەستیان دەکەوێت بەسیانە. شتێکی دیکە رەنگە ئێستا زۆر کاریگەر نەبێت، بەڵام شەش مانگ بۆ ساڵی رابردوو کاریگەر بوو ئەویش ئەوەیە کە هێشتا خەڵک ترسیان هەیە لە چوونە دەرەوە و چوونە نێو خەڵک بۆیەش ئەگەر بتوانن لە ماڵەوە دەمێننەوە.''
 
مارک وەید، کارمەندێک لە کۆمپانیای پۆستە دەڵێت، ''پێموایە زۆربەی کرێکارەکان لە ماوەی کۆرۆنادا راهاتوون لە ماڵەوە بمێننەوە، پێموایە هەندێکیان تەمبەڵ بوون، ئەمەش بەهۆی سوودوەرگرتن لە هاوکارییەکانی بێکاری کە لە ماوەی کۆرۆنادا پێیان دەدرا. تەنیا هاوکارییەکی سادەش نەبوو، بەڵکو ئەو پارەیەی پێیان دەدرا دوو هێندە بوو، بۆیەش زۆربەی ئەوانەی هاوکارییان وەردەگرت نایەن بۆ کارکردن، چونکە بەم شێوەیە پارەی زیاتر پەیدادەکەن لەوەی بێنە سەر کار، پارەکەیان دوو هێندەیە کە پێموایە لە هەفتەیەکدا 600 دۆلارە.''
 
لە دوای کۆرۆنا لەسەر بەشێکی زۆری مارکێت و کۆمپانیاکانی ئەمریکا ئەو پۆستەرە دەبینیت کە نووسراوە پێویستمان بە کرێکارە، بەڵام کرێکاری پێویست نییە بۆشایی کۆمپانیاکان پڕبکاتەوە.
 
زیادبوونی دەرفەتەکانی کارکردن و کەمبوونی هێزی کار وایکردووە لە چەند مانگی رابردوودا کرێی کاژێرەکانی کارکردن لە ئەمریکا لە چەند مانگی رابردوودا بەردەوام بەرزببێتەوە، بە جۆرێک لە مانگی تەممووز بە رێژەی 0.5٪ و لە مانگی ئابیش بە رێژەی 0.3٪ بوو، ئەمەش تەنیا بۆ راکێشانی هێزی کاری زیاتر بۆ بازاڕی کار.