ناسا یەکەمین سیستمی بەرگریکردن لە زەوی تاقیدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی ناسا لەڕێگەی پێکدادانی راستەوخۆی كەشتییەكی ئاسمانی بە تەنێکی ئاسمانیدا، یەكەم تاقیكردنەوەی بەرگریكردن لە زەوی دەکات.
 
بەپێی پلانی داڕێژراو، لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 27-09-2022 پسپۆڕانی ئاژانسی ناسا دەگەنە خاڵێكی وەرچەرخان لە مێژووی دۆزینەوە، لێكۆڵینەوە و تاقیكردنەوەكانی بۆشایی ئاسمان و زانستی فەلەكناسیدا، ئەویش لەڕێگەی پێکدادانی راستەوخۆی كەشتیی ئاسمانیی ناسراو بە (تاقیكردنەوەی ئاڕاستەگۆڕینی جووت هەسارۆكە) یان (Double Asteroid RedirectionTest) كە كورتكراوەكەی (DART)ـە، بە تەنێكی ئاسمانیدا كە ناسراوە بە سیستمی جووت هەسارۆكەیی (Didymos) و (Dimorphos) كە بە مەدوای 153 ملیۆن و 38 هەزار و 621 کیلۆمەتر تاوەکو 344 ملیۆن و 75 هەزار و 102 کیلۆمەتر لە خۆرەوە دوورن و لە ماوەی 770 رۆژدا بە دەوری خۆردا دەخولێتەوە و لەڕووی زانستییەوە سەلمێندراوە، كە تەواوی ئەو سیستمە نە لە ئێستا و نە لە داهاتوودا هیچ هەڕەشەیەكی بەركەوتنیان لەگەڵ زەوی نییە و نابێت.
 
ئامانج لەو پرۆژەیە، تێبینیكردنی هەر لاربوونەوەیەكی خولگەییە كە دووچاری هەسارۆكەكە دەبێت لە دەرەنجامی كارتێكردنی ئەو بەركەوتنەدا، كە بێگومان سوودێكی زۆر گەورەی دەبێت بۆ داڕشتنی هەر سیناریۆیەكی هەوڵدان بۆ رزگاركردنی زەوی لە ئەگەری بەركەوتنی هەر هەسارۆكەیەك، ئەویش، لەڕێگەی لێدانی بە كەشتی تایبەت یان چەكی تەقلیدی و یان تەنانەت ناوكی.
 
بەپێی پلانی پسپۆڕانی ئاژانسی ناسا، لە ئەمشەوەوە پرۆسەی بەركەوتن و گواستنەوەی دیمەنی بەركەوتن و پاشان پرێس كۆنفرانسی زانایان بەم شێوەیە دەبێت:
 
• سێشەممە 27-09-2022 كاژێر 01:30ی بەیانی بە كاتی هەولێر، دیمەنی پەخشی راستەوخۆی كەشتیی ئاسمانیی (DART) لە كاتی نزیكبوونەوەی لە سیستمی جووت هەسارۆكەیی (Didymos) و (Dimorphos) دەگاتەوە پسپۆڕانی سەنتەری كۆنترۆڵ لە ئاژانسی ناسا.
 
•  كاژێر 20:00ی سبەینێ، پەخشكردنی باری كەشتیی ئاسمانیی DART لە كاتی دەرچوونی لە خولگەی تایبەتی خۆی بەرەو كرداری بەركەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ هەسارۆكەی بچووكی (Dimorphos).
 
•  كاژێر 03:00ی بەیانی، پسپۆڕانی تیمی كەشتی (DART)ی ئاژانسی ناسا یەكەم كۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەی بەركەوتنی نێوان كەشتی (DART)ـە هەسارۆكەی بچووكی (Dimorphos) دەکەن.
 
لەڕووی تەكنیكییەوە بەشێكی دیكە لە كەشتیی ئاسمانیی (Double Asteroid Redirection Test) بەستراوە، كە بە (LICIACube) ناسراوە و بریتییە لە مانگێكی دەستكردی خاوەن كامێرایەكی زۆر پێشكەوتوو، 15 رۆژ پێش ئێستا لە كەشتیی (DART) جیابووەتەوە و خولگەی خۆی وەرگرتووە تاوەکو بتوانێت دیمەنی تەواوی پرۆسەی بەركەوتنی كەشتییەكە بە هەسارۆكەكە بگرێت و لە پەخشێكی راستەوخۆدا بۆ زەوی بگوازێتەوە.
 
سەرەتا هەسارۆكەی (Didymos) بۆ یەكەمجار لە 11ی نیسانی 1996 لەڕێگەی پرۆگرامی (Spacewatch)ی تایبەت بە روانگەی فەلەكیی ناوداری (Kitt Peak National Observatory)ی ویلایەتی ئەریزۆنا دۆزرایەوە و تیرەی دەگاتە 800 مەتر.
 
پاشكۆ بچووكەكەی كە ناسراوە بە هەسارۆكەی (Dimorphos) بۆ یەكەمجار لەلایەن فەلەكناسی چیك-ی (Petr Pravec) لە 20-11-2003 وەكو پاشكۆیەک بە دەوری هەسارۆكەی (Didymos)دا دۆزرایەوە و تیرەکەی دەگاتە سنووری 170 مەتر و بە ماوەی 11 كاژێر خولێك بە دەوریدا تەواو دەكات و بە مەودای 1.19 كیلۆمەتر لێیەوە دوورە.