دۆخی دارایی ئەفغانستان تاوەکو دێت خراپتر دەبێت

رووداو-هەولێر

ژیان لە ئەفغانستان ئاسایی بووەتەوە و لە کابوولی پایتەخت خەڵک دەچنە پارک و شوێنە گشتییەکان بۆ بەسەربردنی کاتێکی پڕ چێژ. بەشێک لە خەڵکی دەڵێن لەوەتەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتووەتە دەست دۆخی ئەمنی وڵات باشتربووە، بەڵام ئەوە ناشارنەوە تاوەکو دێت دۆخی داراییان خراپتر دەبێت. 
 
بیلال فەقیری، کە لە کابوول دەژی و پێشتر فەرمانبەر بووە دەڵێت: "ئێستا ئاسایش باشە چونکە تاڵیبان لە دەسەڵاتە. هەر شتێ رووبدات ئەوان بەرپرسن. ئێستا ئێرە سەلامەتە. بەڵام دۆخی دارایی زۆر خراپە چونکە ئەمریکا پارەکانی ئێمەی سڕکردووە. ئەوە زیانی لە ئابووری داوە و وای لە خەڵک کرد وڵات جێبهێڵن. بەشێکی زۆری خەڵک لە رەوشێکی خراپی ئابووریدان. من فەرمانبەری حکومەت بووم و مانگانە 32 هەزار ئەفغانیم وەردەگرت، ئێستا بێکارم". 
 
دیارنییە تاڵیبان دەیەوێت چۆن داهات بۆ وڵات دابینبکات. ئەگەرچی کارمەندان و فەرمانبەران چوونەتەوە سەر کارەکانیان، بەڵام حکومەتی ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان نەیتوانیوەی مووچەی تەواوی کارمەندان دابینبکات، ئەوەی تاڵیبان جەختی لێدەکاتەوە، دۆخی ئەمنییە. 
 
سەردار ئەحمەد محەممەدی، ئەفسەری هەواڵگریی ئەفغانستان دەڵێت "سوپاس بۆ خوا رێژەی تاوانمان بۆ سفر کەمکردووەتەوە. ئێمە توانامان هەیە و بە خەڵکەکەشمان دەڵێین هیچ کێشەیەک نابیننەوە. ئێمە لێرەین، هیچ کێشەیەک روونادات". 
 
لە چەندین کونجی کابوول خەڵک دەبینرێن نۆرەیان بۆ نان و خواردنی بێبەرامبەر گرتووە. بەشێکی ئەفغانستانییەکان دۆخی داراییان هێندە خراپە ناچارن کەلوپەلی نێو ماڵیان بفرۆشن.
 
ئەفغانستان سەرچاوەی داهاتی کەمە و پشت بەو هاوکارییە دەبەستێت کە وڵاتان و رێکخراوە مرۆییەکان پێشکێشی دەکەن، بەڵام لەو کاتەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ئاب، تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت، هاوکارییە داراییەکانیش زۆر سنووردار کراون و حکومەتیش ناتوانێت دەستی بەو یەدەگەی بانکی ناوەندی بگات کە بڕەکەی نزیکەی 10 ملیار دۆلارە بەهۆی ئەوەی لەلایەن ئەمریکا بلۆککراوە.
 
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا دەڵێت؛ ئەگەر دۆخی ئەفغانستان بەو شێوەیە بەردەوامبێت، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 97٪ی خەڵکی ئەو وڵاتە دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە. ئەم مانگە رێکخراوەکە  داوای 1.2 ملیار دۆلاری بەپەلەی بۆ ئەفغانستان کرد بۆئەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئەفغانستان کەمێک باشتر بێت.