رووداو دیجیتاڵ
ئەو 125 کۆچبەرەی کە لەنێو کەشتیی ئالان کوردی سەر بە گرووپی هاریکاریی سی ئایی ئەڵمانییدا بوون، گوازرانەوە بۆ دوورگەی سەردینیای سەر بە ئیتاڵیا کە دەکەوێتە دەریای ناوەڕاست.
رۆژی پێنجشەممە ئیتاڵیا رێگەی بە کەشتییە رزگارکەرەکە دا کە لە سەردینیا لەنگەربگرێت تاوەکو شەپۆلەکانی دەریای ناوەڕاست ئارام دەبنەوە و ئێستاش رێگەی بە کۆچبەرەکانی نێوی داوە لە دوورگەکە پشووبدەن بۆئەوەی دواتر لەوێوە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.
وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا رێککەوتووە بۆ ئەوەی 100 کەس وەربگرن و 25یان لە ئیتاڵیا دەمێننەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر کەشوهەوای دەریا بۆ چەند رۆژێکی دیکە بە نالەباری مایەوە، ئەوا کۆچبەرەکان دەتوانن 14 رۆژ لە کەشتییەکی ئیتاڵییدا خۆیان کەرەنتین بکەن و دواتر یەکسەر دەگوازرێنەوە بۆ وڵاتە ئەوروپییەکانی دیکە.
بڕیاربوو رۆژی چوارشەممە کەشتیی ئالان کوردی بچێتە بەندەری شاری مارسیلیای فەرەنسا، چونکە ئیتاڵیا لە سەرەتادا رەتیکردبووەوە رێگەی پێبدات لە بەندەرەکانی لەنگەر بگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ