ئاژانسێکی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووداو: بەشێکی مادە هۆشبەرەکان لە سووریا و عێراقەوە دێنە وڵاتانی ئەندام
رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسی ئیتاڵیایە لە شاری راڤێنا بۆ دەستبەسەرداگرتنی مادەی هۆشبەر. لە ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە زیادبووندایە.
ئەلێکساندەر سۆدەرهۆڵم، پسپۆڕ لە ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت: "کاتێک باسی رێگەکان و ئەو مادە هۆشبەرانەی بە قاچاخ دەهێندرێنە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دەکەین، دەبێت بزانین کە دیارترین هۆکاری بەردەستبوون و زیادبوونی مادە هۆشبەرەکان، بوونی گرووپە تاوانکارییەکانە کە رێگە بازرگانییەکان بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنن. "
هیرۆین، کاپتاگۆن و کۆکاین دیارترین ئەو سێ مادەیەن بە قاچاخ دەبرێنە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا.
بەشی زۆری هیرۆین لە ئەفغانستان بەرهەمدەهێندرێت و لە رێگەی وڵاتانی بەڵکانەوە دەبرێتە رۆژئاوای ئەورووپا.
زۆربەی کاپتاگۆنەکەش لە سووریا و لوبنان بەرهەمدەهێندرێت.
کۆکاین لە وڵاتانی ئەمریکای لاتینەوە دەگوازرێتەوە ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا.
پسپۆڕەکەی ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی یەکێتیی ئەورووپا بە رووداوی راگەیاند، بەشێک لە مادە هۆشبەرەکە لە رێگەی تورکیاوە دەگەیێندرێتە ئەورووپا.
ئەلێکساندەر سۆدەرهۆڵم، پسپۆڕ لە ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی یەکێتیی ئەورووپا باس لەوە دەکات: "بڕێکی زۆر هیرۆین لە رێگەی ئێران و تورکیاوە گەیێندراوەتە بازاڕەکانی ئەورووپا، ئەوەش ئەگەرێکە کە بەشێکی هیرۆین بە قاچاخ بردراوەتە عێراق و لەوێوە بۆ تورکیا و پاشان بۆ ئەورووپا. هەندێک شوێن لە سنوورەکانی نێوانیان باش کۆنترۆڵنەکراوە کە ئەوەش کەموکورتییەکە کە قاچاخچییانی مادە هۆشبەرەکان سوودی لێوەردەگرن."
بەندەرەکانی یەکێتیی ئەورووپا دیارترینی ئەو دەروازەیەن قاچاخچییەکان بۆ گواستنەوەی مادەکانیان بەکاریان دەهێنن.
تۆن ڤان لیرۆپ، گوتەبێژی ئاژانسی هاوئاهەنگیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان (یۆرۆجەست) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پار بایی 25 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار دەستیان بەسەر مادەی هۆشبەردا گرتووە، لەکاتێکدا پێرار 11.7 ملیار دۆلار بووە.
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوەش کرد، پار وڵاتانی ئەندام داوای یەکلاییکردنەوە و رووبەڕووبوونەوەی دوو هەزار و 462 کەیسی مادە هۆشبەرەکان کردووە لەکاتێکدا پێرار ژمارەکە دوو هەزار و 115 کەیس بوو.