راوێژکاری ئەڵمانیا: سنوورەکانمان تووندتر دەکەین


رووداو دیجیتاڵ 

ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە زۆلینگن رایگەیاند، دۆخی بریندارەکان جێگیرە و هاوخەمی کەسوکاری قوربانییەکانن. گوتیشی، یاسای هەڵگرتنی چەک تووندتر دەکەن و سنوورەکانیش تووندوتۆڵتر دەکەن. 
 
رۆژی دووشەممە، 26ـی ئابی2024، راوێژکاری ئەڵمانیا لە زۆلینگن بۆ رۆژنامەڤانان قسەی کرد کە تۆڕی میدیایی رووداویش لەوێ بوو. ئۆلاف شۆڵتز رایگەیاند، هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی رووداوی لەو شێوەیەی زۆلینگن دووبارە نەبێتەوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی 23-08-2024 لەنێو ئاهەنگێکی شاری زۆلینگنی لە رۆژئاوای ئەڵمانیا، کە بە بۆنەی 650 ساڵەی دامەزراندنی شارەکە بەڕێوەدەچوو، کەسێکی سووریایی بە چەقۆ هێرشی کردە سەر ئاهەنگگێڕەکان.
 
هێرشکارەکە، سێ کەسی کوشت کە پێکهاتبوون لە ژنێکی 56 ساڵ و دوو پیاو؛ کە تەمەنی یەکێکیان 67 ساڵ و ئەوەی دیکەش 56 ساڵ بوو، هەروەها 8 کەسی دیکەی بریندار کرد.
 
راوێژکاری ئەڵمانیا ئەمڕۆ چووە شوێنی رووداوەکە و گوتی: "دەبێت سنوورەکانمان تووندوتۆڵ بکەین بۆ ئەوەی رێگە لە هاتنی کۆچبەرە نایاساییەکان بگرین. لەگەڵ موسڵمان و کریستیانەکان کار دەکەین بۆ ئەوەی لە دژی تووندئاژۆکان بوەستینەوە." 
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە شوێنی رووداوەکەی زۆلینگن گوتی: "دەبێت یەکگرتوو بن و هەوڵ بدەین ژیانی مرۆڤەکان رزگاربکەین. بەردەوام رووبەڕووی رووداوی لەم جۆرە دەبینەوە. دەمەوێت بە هاووڵاتییان بڵێم کە ئەم رووداوە کاریگەریی زۆری لە هەموومان کردووە و هەرگیز ئەمە لەبیر ناکەین." 
 
ئۆلاف شۆڵتز دەشڵێت، "زۆر پەستم و دەبێت شەڕ لە دژی ئەم رق و کینەیە بکەین. سوپاسی پۆلیس دەکەم کە هێرشکارەکەیان گرتووە و ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە."
 
جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت ئاسایشی "وڵاتەکەمان بەهێز بکەین و لە رووی یاساییەوە پەلە بکەین. وڵاتانی دیکەی ئەورووپاش پاڵپشتیی خۆیان پێشانمان داوە. لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ئەم رووداوانەیان تێدا رووداوە، راوێژ دەکەین." 
 
هاوکات، هێندریک ڤوست، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن رایگەیاند، "پێویستە هەندێک لە کۆچبەرانی سووریایی و ئەفغانی بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان.
 
هێندریک ڤوست ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە گوتاری تووندی سیاسەتڤانان بوەستێنرێت و پێویستە رێگری لەو جۆرە رووداوانە بکەین و رووبەڕووی ببینەوە.
 
وەزیری ناوخۆی هەرێمی نۆڕدڕاین ڤێستفالن شەوی 24-8-2024 رایگەیاند، "گومانلێکراوی سەرەکیی هێرشەکەی شاری زۆلینگنی ئەڵمانیا دەستبەسەرکراوە." 
 
داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هیرشەکەی شەوی هەینیی شاری زۆلینگنی رۆژئاوای ئەڵمانیا راگەیاند. پۆلیسی ئەڵمانیاش دەڵێت، هێرشکارەکە کەسێکی سووریاییە.