رووداو دیجیتاڵ
مووشەکێکی حیزبوڵڵا بە ماڵێکی شاری عەککا لە ئیسرائیل کەوت. سادیا خاوەنی ماڵەکەیە، بەڵام لەکاتی کەوتنی مووشەکەکە لە دەستشۆر بووە و زیانی بەرنەکەوت.
مامۆستا سادیا ئیڤن تسور "کوڕەکەم هات و گوتی 'باوکە چوویتە ژوورەکەت یان لەوێ ماوی؟' گوتم 'نەخێر'، چووم و بینیم کە چ پەرجوویەک روویداوە. پێنج خولەک پێشتر دەبووایە هاتبامە ژوورەوە و 20 خولەکێک پشووم دابا، ئەمە پێش ئەوەی کاتی وانەگوتنەوەم بێت کە کاژێر 06:00 بوو."
بەرەبەیانی 25-8-2024 حیزبوڵڵا بە 320 کاتیۆشا و مووشەک هێرشی کردە سەر 11 بنکەی سەربازیی ئیسرائیل. زۆرینەی مووشەک و کاتیۆشاکان ئاراستەی باکووری وڵاتەکە کران.
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ئێوارەی هەمان رۆژ رایگەیاند "مقاوەمە پابەندیی خۆی راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە تۆڵەی خۆی دەکاتەوە لە رێگەی وەڵامدانەوە بۆ دەستدرێژییەکانی دوژمن. بۆ ئەوەی هاوسەنگییەکان بپارێزێت و بەردەوامی بە سرووشتی کارەکانی خۆی بدات، کە لەپێناویدا دەیان ساڵە خوێنی بۆ رشتووە. هەرگیز لەسەر ئەم بابەتە پاشگەز نابینەوە. پرسیاری زۆرم لێکراوە بۆچی وەڵامدانەوە هێندە دواخرا و تاوەکو ئێستا نەکراوە؟ ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنە فراوانەکەمان ناونا ئۆپەراسیۆنی چلە."
سوپای ئیسرائیل ئامادە بوو بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە و زۆربەی مووشەکەکانی خستەخوارەوە، بەڵام سەربازێکی هێزە دەریاییەکانیان کوژرا و دووی دیکەش بریندار بوون.
دواتر، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە 100 فڕۆکەی جەنگی 40 سەکۆی هاویشتنی مووشەکیان لە باشووری لوبنان کردە ئامانج و تێکیان شکاندن.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوێنێ رایگەیاند "ئەوەی ئەمڕۆ روویدا کۆتایی چیرۆکەکە نییە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ حیزبوڵڵا هەوڵی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی بە مووشەک و درۆن دا. رێنمایی پێویستمان بە سوپا دا بۆ ئەوەی هێرشێکی بەهێزی پێشوەختە بۆ لابردنی مەترسییەکان بکات. ژمارەیەک مووشەک لەنێوبران کە بۆ ئازاردانی خەڵکەکەمان ئامادەکرابوون. بە لێدانی چاوەڕواننەکراو هێرش دەکەینە سەر حیزبوڵڵا."
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونە هۆی کوژرانی سێ کەس.
هەروەها کاریگەرییان لەسەر گەشتە ئاسمانییەکانی بەیرووت و تەلئەڤیڤ هەبوو، ژمارەیەک گەشت هەڵوەشێنران یان دواخران، هەروەها کۆمپانیای فڕۆکەوانییەکانی فەرەنسا، ئوردن و ئیمارات گەشتەکانی دوێنێیان بۆ لوبنان و ئیسرائیل یان یەکێکیان هەڵوەشاندەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ