تیمی بانگەشەی کامالا هاریس دەڵێت ژمارەی پێوانەیی لە کۆکردنەوەی پارە تۆمارکردووە
رووداو دیجیتاڵ
تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی کامالا هاریس دەڵێت، لە مانگێکدا زیاتر لە نیو ملیار دۆلاریان کۆکردووەتەوە، ئەوەش "تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی مێژووی بانگەشەیە."
رۆژی یەکشەممە (25-08-2024) تیمی بانگەشەی کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رایگەیاند، "لەو کاتەوەی هاریس خۆی بەربژێرکردووە، توانیویانە زیاتر لە 540 ملیۆن دۆلار کۆبکەینەوە کە لەلایەن خەڵک و سپۆنسەرەکانەوە بەخشراوە."
رۆژی 21-07-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی نیگەرانییەکان لەبارەی تەندروستی و تەمەنی، بڕیاریدا دەست لە خۆبەربژێرکردن هەڵبگرێت و پشتگیری لە کامالا هاریسی جێگری بکات.
جێن ئۆمەیڵی دیلۆن، سەرۆکی تیمی بانگەشەی هاریس گوتی، "پێش ئەوەی کامالا هاریس بەربژێربوونی خۆی لە کۆنگرەی نیشتمانی پەسندبکات، پارەی کۆکراوەمان گەیشتە 500 ملیۆن دۆلار."
رۆژی 22-08-2024 لە دوایین رۆژی کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان کە لە شیکاگۆ سازکرا، کامالا هاریس بە فەرمی بەربژێربوونی خۆی پەسندکرد.
دیلۆن گوتی، "رێک لە دوای گوتارەکەی کامالا هاریس، باشترین کاژێری تەواوی بانگەشەکەمان بینی. ئێمە خاوەن 540 ملیۆن دۆلارین تەنیا لە مانگێکدا، ئەوەش لە مێژووی بانگەشەی ئەمریکادا تۆمارکردنی ریکۆردە."
بەگوێرەی دیلۆن، یەک لەسەر سێی ئەو پارەیە لەلایەن ئەو کەسانەوە بەخشراوە کە یەکەمجارە لە ژیانیان پارە بۆ پارتەکەیان دەنێرن.
هاوکات، بەگوێرەی تیمی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بێت، ئەوان لە سەرەتای مانگی ئابەوە نزیکەی 327 ملیۆن دۆلاریان کۆکردووەتەوە.
ئیستا کامالا و ترەمپ لە رکابەرێتییەکی توونددان و رۆژی 10ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ بڕیارە یەکەم دیبەیتی نێوانیان بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، کامالا هاریس 48.4٪ و دۆناڵد ترەمپیش 46.9٪ـی دەنگی خەڵکی بەدەستدەهێنن.