بەرپرسێکی ئەڵمانیا بۆ رووداو: دەبێت دەرفەتی دیپۆرتکردنی کۆچبەران بۆ بەشێکی سووریا هەبێت

27-08-2024
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
هێربێرت رویل، وەزیری ناوخۆی هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن قسە بۆ رووداو دەکات.
هێربێرت رویل، وەزیری ناوخۆی هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن قسە بۆ رووداو دەکات.
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

هێرشکارەکەی ئەڵمانیا کە بە رەچەڵەک سووریاییە، پێش هێرشەکە بە چەند خۆلەکێک پارچە ڤیدیۆییەک تۆمار کردووە کە چەند سەد مەترێک لە شوێنی هێرشەکەوە دوورە. وەزیری ناوخۆی هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن بە رووداوی راگەیاند، پێویستە دەرفەتی دیپۆرتکردنی کۆچبەران بۆ ناوچەکانی سەلامەت لە سووریا هەبێت. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، باڵەخانەی کەمپی کۆچبەرانە لە شاری زۆلینگنی ئەڵمانیا. لە ژوورێکی ئەو کەمپەدا، عیسا حەسەن دەژیا، کە شەوی هەینی لەسەر شەممە، هێرشی کردە سەر شوێنی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵێک، سێ کەسی بە چەقۆ کوشت و هەشت کەسی دیکەشی بریندار کرد. 
 
هۆواری قادری، کۆچبەرێکی جەزائیرییە کە لە هەمان ئەو کەمپەدا دەژی، بە رووخساریەوە نزیکە لە عیسا حەسەن و پۆلیس گومانی دەکرد ئەو هێرشکارەکە بێت. 
 
ئەو دەڵێت: "بەهەڵە لێرەدا تێپەڕیم و گەیشتمە سەری کۆڵان، ئەوکات هەڵیانکوتایە سەرم. لەکاتی هەڵە و شوێنی هەڵەدا بە ئێرەدا هاتم. یەکسەر کەسێکی باڵابەرز قۆڵبەستی کردم و لێرە لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی دیکە دەستبەسەر کرام. پۆلیسەکە رووی دەمانچەکەی ئاراستەی ئێمە کردبوو. زۆر ترسام و تووشی دڵەڕاوکێ بووم، بینی شڵەژاوم هێندەی دیکە گوشاری دەخستە سەرم. هەوڵمدا پێی بڵێم کە زۆر دەترسم با گوللـەیەک لەم دەمانچەیە دەرنەچێت."
 
قادری ئاماژە بەوە دەکات: "هەموو چیرۆکی بەهەڵە کوشتنی خەڵک وەک فیلمێکی سینەمایی دەهاتە بەرچاوم. لەولایەش میدیاکان وێنەیان دەگرتین، دواتر سەیری ئەم لایەم کرد، بینیم چەند کەسێکی دیکەی دەمامکدار هەبوون منیان بردە لای ئەوان و ئەوانیش بە دەمانچەکانیانەوە هاواریان دەکرد. بە یەکێکیانم گوت ئەمە کلیلی ژوورەکەمە فەرموو بیپشکنە بزانە من بکوژەکەم یان نا؟ بە دوو پۆلیس چوونە ژوورەکەم و پاسەپۆرتەکەیان دەرهێنام و بینییان هاووڵاتی جەزائیریم، یەکسەر گوتیان ئەوە کەسە داواکراوەکە نییە."
 
مزگەوتێک لە نزیک کەمپەکە هەیە. گومان دەکرا هێرشکارەکە هاتوچۆی مزگەوتەکەی کردبێت، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی مزگەوتەکە ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە. 
 
داعش پارچە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، عیسا حەسەن باسی هێرشەکەی دەکات. پارچەی کۆتایی کە بە شەو تۆمار کراوە، لەدوای بەدواداچوونێکی ورد، تیمی رووداو پشتڕاستی کردەوە کە لە دووریی 300 مەتر لە شوێنی هێرشەکە تۆمار کراوە. 
 
هاوخەمی لەگەڵ قوربانییان لایەنێکی دیکەی نەڕازیبوون و سەرکۆنەکردنی هێرشەکەیە. ماڵباتە کوردەکانی ئەو شارە لەگەڵ منداڵەکانیان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و هاوسۆزیی خۆیان بۆ کەسوکاری قوربانییان دەردەبڕن. 
 
سوولاڤ حەمۆ، کوردێکی نیشتەجێی شاری زۆلینگنە و دەڵێت: "ئەوەی ئەم کەسە کردوویەتی، ئێمە لە دژین. کاتێک دەڵێن کەسێکی سووریاییە، ئێمە پێی سەخڵەت دەبین. ئەوە ئێمەش ئازار دەدات. ئێمە کوردین. دۆخەکە بۆ هەمووان خراپ دەبێت. ئەم کارەی ئەم کردوویەتی بۆ هەموو پەناخوازان خراپە. ئێمە نامانەوێ ئەوها بێت."
 
هایل عەلی، ئەندامی دەستەی کۆمەڵەی کوردی لە شاری زۆلینگن دەڵێت: "رووداوەکە کاریگەریی لەسەر هەموو ئەو خەڵکە دەکات کە لە سووریا دەژین، بەڵام ئێمە وەکو کورد و وەکو کۆمەڵەی کوردی لە زۆلینگن زۆر هەوڵدەدەین وێنەیەکی جوان پێشانی حکومەتی ئەڵمانیا بدەین. شتێکی باش بەوان بگەیێنین کە ئێمە وەکو کورد لەگەڵ ئەم تیرۆرە نین. سەرکۆنەی دەکەین." 
 
رووداو لەبارەی هێرشەکە پرسیاری لە وەزیری ناوخۆی هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن کرد کە لەدوای رووداوەکە، چی بەسەر سیاسەتی کۆچبەریی وڵاتەکەدا دێت. لە وەڵامدا، هێربێرت رویل، وەزیری ناوخۆی هەرێمەکە گوتی: "کاتێک ناوچەی سەلامەت لە سووریا هەبێت، پێویستە دەرفەتی ئەوەش هەبێت دیپۆرتکردنەوە جێبەجێ بکرێت و شایستەشە بۆ ئەوانەی لێرە تاوان ئەنجامدەدەن، ئەو کاتە من وەک ئاوێنە بە روونی دەبینم، ئەوەی لێرە تاوان بکات دەبێ ببینێت کە چۆن دەبین." 
 
هەرچەندە عیسا حەسەن لەژێر کۆنترۆڵی پۆلیس دایە و بە تۆمەتی کوشتن و ئەندامێتی لە داعش دەستگیر کراوە، هێشتا لە زۆلینگن پۆلیس بە چڕی لێکۆڵینەوە لە شوێنی رووداوەکەی شەوی 23ـی ئاب دەکەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە