رووداو دیجیتاڵ
19 ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، نامەیەک بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەنێرن و نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ کڕینی کەلوپەلی دیکەی سیستەمی دژەمووشەکی ئێس 400ی رووسی دەردەبڕن، هەروەها داواش دەکەن فرۆشتنی فڕۆکەی F-16 بە تورکیا لەلایەن ئەمریکاوە رابگیرێت.
رۆژی 25ی ئاب، 19 ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا کە سەر بە هەردوو پارتی دیموکرات و کۆمارییەکانن، بە سەرۆکایەتی کریس پاپس، ئەندامی کۆنگرێس لە پارتی دیموکراتەکان، نامەیەکیان ئاراستەی بلینکن کرد و لەو نامەیەدا، ئەندامانی کۆنگرێس رایانگەیاند، نابێت ئەمریکا رێگە بدات وڵاتێک کە ئەندامی ناتۆیە و هاوپەیمانیی واشنتنیشە هاوئاهەنگیی سەربازی و مامەڵەی سەربازی لەگەڵ وڵاتێک هەبێت کە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە سەرقاڵی ئەنجامدانی "تاوانە" لە ئۆکراینا، کە ئەویش رووسیایە.
لە درێژەی نامەکەدا، ئەو 19 ئەندامەی کۆنگرێس دەڵێن، لەبەر ئەو هۆکارە نابێت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رازی بێت و بڕیاری فرۆشتنی فڕۆکەی جۆری F-16 بۆ ئەنقەرە پەسند بکات.
هەروەها لە نامەکەدا ئەو ئەندامانەی کۆنگرێسی ئەمریکا داوایان لە بلینکن کردووە، لە ماوەی 30 رۆژی داهاتوودا بێتە بەردەم کۆنگرێس بۆ زیاتر روونکردنەوەی هەڵوێستی ئیدارەی بایدن لەبارەی فرۆشتنی فڕۆکەی F-16 بە تورکیا.
ئەمە سێیەم جارە لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا، ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس نیگەرانیی خۆیان لە فرۆشتنی فڕۆکەی F-16 بە تورکیا رادەگەیێنن و دەڵێن ئەوە لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا نییە.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، حکومەتی تورکیا بە فەرمی داوای لە ئەمریکا کرد 40 فڕۆکەی جۆری F-16ی پێ بفرۆشێت و دواتر ئەو داوایە ناڕەزایەتیی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کۆنگرێسی لێکەوتەوە، بەڵام لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نامەیەکی ئاراستەی کۆنگرێس کرد و داوای لێکردن بڕیاری فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە بە ئەنقەرە پەسند بکەن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی یەکگرتوویی ناتۆ پێشان دەدات لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی رووبەڕووی ئەو هاوپەیمانێتییە بووەتەوە لەلایەن رووسیاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ