بزووتنەوەی تاڵیبان 23 ملیۆن ماڵپەڕ بلۆک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی یەک ساڵی دەسەڵاتیدا، بزووتنەوەی تاڵیبان، زیاتر لە 23 ملیۆن ماڵپەڕی لە ئەفغانستان بلۆک کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تاڵیبان پێیوایە ئەو ماڵپەڕانە بابەت و هەواڵی "نەشیاو" بڵاودەکەنەوە.
رۆژی 25ی ئابی 2022، نەجیبوڵڵا حەقانی، وەزیری راگەیاندنی بزووتنەوەی تاڵیبان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرای کرد، بزووتنەوەکەیان لەو کاتەی گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، زیاتر لە 23 ملیۆن و 400 هەزار ماڵپەڕی بلۆک کردووە، لەسەر ئەو بابەتە "نەشیاوانەی" لەو ماڵپەڕانە بڵاودەکرێنەوە، کە لەگەڵ سیاسەتی بزووتنەوەکە ناگونجێن.
وەزیرەکەی تاڵیبان دەشڵێت، هەندێک لە ماڵپەڕەکان کاتێک بلۆک دەکرێن، ناوی خۆیان دەگۆڕن و بەناوێکی جیاواز کاردەکەن، هەربۆیە ژمارەی ماڵپەڕە بلۆککراوەکانی نێو ئەفغانستان لەو ماوەیەدا زۆر بوون.
لەلایەکی دیکەوە، لە هەمان کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، جێگری وەزیری راگەیاندنی ئەفغانستان، ئەحمەد مەسعود لەتیف رای، رەخنەی زۆری لە فەیسبووک گرت بەوەی ئامادە نییە مامەڵە لەگەڵ تاڵیباندا بکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بابەتانەی لە فەیسبووک لەنێو ئەفغانستان بڵاودەکرێنەوە.
لە 15ی ئابی ساڵی رابردووەوە، لەدوای کشانەوەی لەناکاوی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و شکستی حکومەتی ئەفغانستان، بزووتنەوەی تاڵیبان گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات و لەو کاتەوەشەوە ئەفغانستان رووبەڕووی قەیرانی ئابووری و مرۆیی بووەتەوە.
لە پاش گەڕانەوەی بزووتنەوەکە بە هەزاران ئەفغانی ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە و بەگوێرەی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، تاڵیبان بە هەزاران پێشێلکاریی کردووە بەتایبەتی بەرامبەر ئافرەتان.
نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان ناسراو بە "یوناما"، ئاشکرای کردووە لەوەتەی تاڵیبان گەڕاوەتە سەر دەسەڵات، ئەو بزووتنەوەیە نزیکەی 10 کەناڵی تەلەڤزیۆنی داخستووە و ئازادیی کاری میدیایی بەرتەسک کردووەتەوە.