گۆڤاری تایم ئامەد لە نێو 100 باشترین ناوچەکانی جیهان ناودەهێنێت

دوێنێ کاژێر 10:30
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 


گۆڤاری تایم لیستی ئەم ساڵی باشترین شوێنەکانی جیهانی بۆ سەردان و گەشتکردن بڵاوکردەوە. لیستەکە ناوی 100 شاری جیهانی تێدایە، کە شاری ئامەدی باکووری کوردستانیش یەکێکیانە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی تەممووزی 2024، گۆڤاری تایم ناوی 100 باشترین شوێنی لە جیهان بۆ ئەم ساڵ بڵاوکردەوە. گۆڤارەکە ناوی 50 شوێنی جیهانی بۆ مانەوە و 50 شوێنی دیکە بۆ گەشتکردن بڵاوکردووەتەوە. 
 
لە لیستی ناوی ئەم ساڵی باشترین ئەو شوێنانەی گۆڤارەکە بۆ گەشتکردن بڵاویکردووەتەوە وێستگەی شەمەندەفەری ئامەدە لە باکووری کوردستان.
 
گۆڤارەکە باسی لە گەشتی شەمەندەفەری نێوان شاری ئەنقەرە و ئامەد کردووە و گەشتە 1050 کیلۆمەترییەکەی نێوان هەردوو شارەکەی بە "گەشتێکی سەرنجراکێش" ناوبردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، لە گەشتەکەدا گەشتیاران زۆرترین دیمەن و ناوچەی دڵڕفێن دەبینن.
 
پڕۆسەی دیاریکردن باشترین شوێنەکان بە چەند قۆناخێکدا تێدەپەڕێت. لە قۆناخی یەکەمدا ژمارەیەک شوێنی جیهانی بەربژێر دەکرێن، لە قۆناخی دووەمیشدا راپرسی لەنێو خەڵکیدا دەکرێت و بەدواداچوون دەکرێت بۆ ئەوەی بزاندرێت ئەو شوێنەنانە ئەو کواڵێتیانەیان تێدایە بە باشترین شوێن هەڵبژێردرێن و لە دواین قۆناخیشدا پسپۆڕانی گۆڤاری تایم بڕیاری کۆتایی لەسەر شوێنەکان دەدەن. 
 
ساڵی رابردوو گۆڤارەکە ناوی 50 باشترین شوێنی جیهانی بۆ گەشتکردن بڵاوکردبوویەوە، ئەم ساڵ ناوی 50 شوێنی دیکەی بۆ مانەوە زیاد کرد. 
 
لە لیستی گۆڤارەکەدا، بێجگە لە شەمەندەفەری ئامەد، حەمامی زەیرەک لە ئیستەنبووڵ هەیە، کە گۆڤارەکە بە یەکێک لەو ناوچانەی داناوە بۆ ئەوەی گەشتیاران سەردانی بکەن.
 
لەبارەی شەمەندەفەری ئامەد ئاماژە بەوەدراوە کە سەرنشینەکان لە ئەنادۆڵ و چیاکانی رۆژهەڵاتی تورکیاوە دەگوازێتەوە بۆ دەشتەکانی باکووری میزۆپۆتامیا کە بە لانکەی شارستانیەت ناسراوە.
 
گۆڤارەکە هەر لە بارەی شەمەندەفەری ئامەد نووسیویەتی: "گەشتەکانی لە مانگی نیسانەوە لەلایەن هێڵی ئاسنی سەر بە حکومەتەوە دەستیپێکردووە. رێگەی خێرا لە ئەنقەرە بۆ ئامەد درێژییەکەی 653 میلە. مێژووی ئامەد دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر. ئەمڕۆ شارێکی زۆرینە-و بە شانازییەوە- کوردە و کولتوورێکی شارستانی زیندوو و جیاوازە لە بەشەکانی دیکەی تورکیا، لە سەدەی چوارەمدا دەوروبەرەکەی بە دیواری بەردی رەش دروستکراوە".
 
دیارترین ئەو شوێنانەی گۆڤارەکە بە باشترینی ئەم ساڵ دیاریکردوون:
 
- نیویۆک
- پاریس
- تۆکیۆ
- لەندەن
- سیدنی
- ڤێنس 
- دوبەی
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە