کامالا هاریس بۆ نەتەنیاهوو: لە ئازاری هاووڵاتییانی سڤیلی غەززە بێدەنگ نابم

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە بە سەردانێک لە واشنتنە گوتی، ئەوەی لە کەرتی غەززە روویداوە کارەساتە و دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ئازاری زۆریان چەشتووە. دەشڵێت، لە بەرامبەر ئەو ئازارچەشتنەی هاووڵاتییانی سڤیلدا ناتوانێت بێدەنگ بێت. 
 
کۆبوونەوەکەی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی بوو. دوای کۆبوونەوەکە جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسێکی کورتی گفتوگۆی نێوانیانی کرد. 
 
هاریس رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی کراوە و بنیاتنەرم لەگەڵ سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوودا هەبوو. پێمگوت کە هەموو کات دڵنیایی دەدات لەوەی ئیسرائیل بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات دژی ئێران و میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە، لەوانە حیزبووڵڵا و حەماس." 
 
هەروەها گوتی، "هەر لەو کاتەوەی کچێکی گەنج بووم پارەم کۆدەکردەوە بۆ چاندنی نەمام بۆ ئیسرائیل، تاوەکو ئەو کاتەی لە ئەنجوومەنی پیران بووم و ئێستاش لە کۆشکی سپی، پابەندبوونێکی بەردەوامم بە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل، ئاسایشەکەی و خەڵکەکەیەوە هەبووە. زۆر جار گوتوومە و دووبارەی دەکەمەوە، ئیسرائیل مافی بەرگریی لەخۆکردنی هەیە و چۆن ئەو کارە دەکات، گرنگە." 
 
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی رابردوو، جەنگ ئیسرائیل و کەرتی غەززە بە هێرشی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل دەستیپێکرد، دواتریش ئیسرائیل دەستی بە وەڵامدانەوە کرد. بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەی حەماسدا لانیکەم هەزار و 200 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژران و 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران کە هێشتا 130یان لەلای حەماس ماون. 
 
کامالا هاریس لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا "نیگەرانیی قوڵی جیدیی خۆم سەبارەت بە ئاستی ئازار چەشتنی مرۆیی لە غەززە دەربڕی، لەنێویاندا مردنی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی بێتاوان. نیگەرانیی جیدیی خۆمم سەبارەت بەو دۆخە مرۆییە ترسناکەی ئەوێ بە روونی دەربڕی."
 
ئەوەی لە نزیکەی 10 مانگی رابردوودا لە غەززە روویداوە، وەکو هاریس گوتی، "کارەساتە. لەوانە وێنەی منداڵە مردووەکان و کەسانی بێهیوا و برسی کە بۆ سەلامەتیی خۆیان هەڵدێن و بۆ جاری دووەم، سێیەم یان چوارەم ئاوارە دەبن. لە بەرامبەر ئەم کارەساتانەدا ناتوانین روومان وەرگێڕین. ناتوانین رێگە بە خۆمان بدەین لە ئازارەکان بێهۆش بین، منیش بێدەنگ نابم." 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی کەرتی غەززە، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 39 هەزار و 175 کەس کوژراون و 90 هەزار و 403 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها، 10 هەزار کەسیش کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکانەوە. بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، لە 2.4 ملیۆن دانیشتووی کەرتەکە 2.1 ملیۆنیان لانیکەم جارێک ئاوارە بوون. 
 
بەشێکی دیکەی گوتەکانی کامالا هاریس تایبەت بوون بە کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. ئەو لە گوتەکانیدا داوای کرد، رێککەوتن بکرێت، "بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئاگربەست بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. با بارمتەکان بگەڕێنینەوە و هاوکاریی مرۆیی بگەیێنینە خەڵکی فەڵەستین. بێگومان، بەردەوام دەبم لە پابەندبوون بە پاڵپشتیکردن لە رێگەیەک کە ببێتە هۆی چارەسەری دوو دەوڵەت." 
 
ئەو کۆبوونەوەیەی نێوان کامالا هاریس و بنیامین نەتەنیاهوو لەکاتێکدا هاریس نزیکە لەوەی ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. ئەمە دوای ئەوەی رۆژی 21ی ئەم مانگە، جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کشایەوە و پاڵپشتیی خۆی بۆ هاریس وەکو شوێنگرەوەی خۆی دەربڕی. 
 
بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رۆژی 5ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت، کۆمارییەکان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکایان بۆ پۆستەکە بەربژێر کردووە.
 
بە گوێرەی دوایین راپرسیش، لە هەڵبژاردنەکەدا ترەمپ 48٪ی دەنگەکان و هاریسیش 47٪ی دەنگەکان دەبەنەوە، ئەمە لە ئەگەری یەکلابوونەوەی دیموکراتەکان لەسەر بەربژێرکردنی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە