بۆ نەهێشتنی تاوان لە کازاخستان هەڵمەتی قەدەخەکردنی خواردنەوە کحولییەکان رادەگەیێندرێت

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
بوتڵێکی خواردنەوەی کحولی.
بوتڵێکی خواردنەوەی کحولی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکە دا دەردەکەوێت، گوندی کاراکوداکە لە نێوەڕاستی کازاخستان. لەو گوندە خەڵکەکەی هەڵمەتێکیان راگەیاندووە. ئەویش قەدەخەکردنی خواردنەوە کحولییەکانە.
 
بیورژان ژوماگلۆڤ، موختاری گوندەکەیە و دەڵێت: "ئێستا چوار مارکێتمان هەیە، هیچیان خواردنەوە کحولییەکانی تێدا نافرۆشرێت، لەرابردوودا پڕبوون، ئێستا خواست لەسەر کڕینی کەمبووەتەوە و ئەمەش وایکردووە مارکێتەکان چیدیکە نەیهێنن." 
 
هەروەکو زۆر لەو وڵاتانەی ئەندامی کۆنی یەکێتی سۆڤیەتن، خەڵکێکی زۆر لە کازاخستان، بەدەست کێشەی زۆر خواردنەوە کحولییەکانەوە دەناڵێنن.
 
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی کازاخستان، نزیکەی 90 هەزار کەس لەو وڵاتە کێشەی زۆر خواردنەوەیان هەیە کە بە "کحولیک" ناسراوە.
 
هەر ئەمەش وایکردووە رێژەی تاوان بەردەوام لەو وڵاتە بەرزبێت.
 
دەسەڵاتدارانی کازاخستان پاڵپشتی ئەو هەڵمەتەی گوندەکان دەکەن و ناویشان لە هەڵمەتەکە ناوە "وشکبوون" وەکو ئاماژەیەک بۆ دوورکەوتنەوەی خەڵکەکە لە خواردنەوە کحولییەکان.
 
کۆنیاش کالیلاڤ، ئەفسەری پۆلیسە و دەڵێت: "لەوەتەی خواردنەوە کحولییەکان نافرۆشرێن، تاوانیش نەماوە، لەو ماوەیەی کحول قەدەخە کراوە، رێژەی تاوانیش سفرە، بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا بەشێوەیەکی بەرچاو خواردنەوەئ کحول کەمیکردووە." 
 
تائێستا لە 97 ناوچەی کازاخستان هەڵمەتی قەدەخەکردنی خواردنەوە کحولییەکان راگەیێندراوە. 
 
بەپێی ئاماری حکومەتی کازاخستان، هەر تاکێک لەو وڵاتە ساڵانە بە تێکڕا 7.7 لیتر کحولی بەردەکەوێت، ئەمەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، خواردنەوەی کحول بە تێکڕا لەسەر ئاستی جیهان بۆ هەر کەسێک، ساڵانە 4.5 لیترە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە