حکومەتی فەرەنسا کۆچبەر و بێلانەکان لە نێوەڕاستی پاریس رادەماڵێت

رووداو دیجیتاڵ 

لە نێوەڕاستی شاری پاریسی فەرەنسا ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لە کەمپەکان هێندراونەتە دەرەوە. بەرپرسانی فەرەنسا بڕیاریان داوە هەموو کەمپەکانی کۆچبەران کە دەکەونە نزیک شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکانی ئۆلۆمپیادی ئەم ساڵی پاریس دابخەن.  
 
بڕیارەکە ناڕەزایی کۆچبەرانی لێکەوتووەتەوە. ناتاشا لویس، کۆچبەرە و دەڵێت: "حکومەتی فەرەنسا لەجیاتی ئەوەی بیر لە ژیانی کۆچبەران بکاتەوە، بیر لەوانە دەکاتەوە کە بە ئێرە دا تێدەپەڕن. ئێمە منداڵمان هەیە کە لە فەرەنسا لەدایکبوون و خەڵکی ئەم وڵاتەن، کێ بیر لە داهاتووی ئەم منداڵانە دەکاتەوە؟ حکومەت ئێستا تەنیا بیر لە یارییەکانی ئۆلۆمپیاد دەکاتەوە، بەڵام دەبێت چارەسەرێکیش بۆ کێشەی ئێمە بدۆزێتەوە".
 
جگە لە کۆچبەران، حکومەت بێلانەکانی سەر شەقامەکانی نزیک شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکانی ئۆلۆمپی، دەگوازێتەوە شوێنێکی دوورتر.
 
رێکخراوێکی خێرخوازی ئامادەیی نیشانداوە بۆ ماوەیەکی کاتی بێلانەکان بگرێتە خۆی و شوێنیان بۆ دابین بکات. بەڵام رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ رەخنە لە بڕیارەکە دەگرن و بە "رەگەزپەرستی" ناویدەبەن.   
 
ناسان لێکویکس، دامەزرێنەری گرووپی یوتۆپیا دەڵێت: "ئەو خێزانانە بوونەتە قوربانی پاکتاوکردنی کۆمەڵایەتی و سیاسییە فاشیستەکان فەرەنسا و ئەو سیاسەتە رەگەزپەستییەی حکومەتی فەرەنسا گروویەتیەبەر. حکومەت ئەو کەسانەی لە کەمپەکان و یەکە کۆمەڵایەتییەکان دەرکردووە و شوێنەکان بۆ قازانجی خۆی بەکاردەهێنێت".
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 کۆچبەر لە کەمپەکانیان گواستراونەتەوە و تاوەکو کۆتاییهاتنی یارییەکانی ئۆلۆمپیاد، کە 15 رۆژ دەخایەنێت، رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە کەمپەکانیان.